رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایدەگەیێنێت، ئیسرائیلیان ناچار کردووە تاکلایەنە هێرشەکانی رابگرێت.
دوای راگەیاندنی ئاگربەستی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "هێزە چەکدارەکانی ئێران، بەبێ هیچ متمانەیەک بە قسەی دووژمنان و بە دەستەماشەوە، ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر کردەوەیەکی دەستدرێژکارانەی دووژمن بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و پەشیمانکەرەوە."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هێرشەکان تاکلایەنە راگیراون، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەو سەرکەوتنە بوو کە دووژمنی ناچار کرد پەشیمان بێتەوە، دان بە شکستدا بنێت و هێرشەکانی بەشێوەیەکی تاکلایەنە رابگرێت."
بەیانیی ئەمڕۆ ئیسرائیل رایگەیاند، دوای سێ کاژێر لە ئاگربەست ئێران مووشەکی ئاراستەکردوون، بەڵام میدیای ئێران کارێکی لەو جۆرەی وڵاتەکەی رەتکردووەتەوە.
دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران
"گەلی سەربەرز و خۆڕاگری ئێران،
لەدوای دەستدرێژییەکانی دوژمنی زایۆنی، رۆڵە ئازا و گیان لەسەردەستەکانتان لە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدەم فەرمانی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە چوون و بە ئازایەتییەکی بێوێنەوە، وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی دوژمنیان دایەوە، کە لە دوایینیاندا بنکەی ئەمریکیی عەدید و دواتریش تەواوی خاکی داگیرکراو کرانە ئامانجی هێرشی مووشەکی.
وریایی، دۆخناسی، خۆڕاگری، هاوپشتی و یەکڕیزیی بێوێنەی ئێوەی گەل، ستراتیژی سەرەکیی دوژمنی تێکشکاند. ئەمە دەرفەتێکی رەخساند تاوەکو خۆڕاگریی تێکۆشەرانی ئیسلام و هێزە سەرسوڕهێنەرەکەیان، کە بەرهەمی ساڵانێکی دوورودرێژی تێکۆشانی داهێنەرانە و بەردەوامە، لە ماوەی 12 رۆژی تێکۆشانی خوێناوی و بەڕێوەبردنێکی ژیرانەدا بەکاربهێندرێت و وەڵامی هەر دەستدرێژییەک لە کات و ساتی خۆیدا و بەپێی پێویست بدرێتەوە.
دیارییە خوداییەکە لە بەرامبەردا ئەم تێگەیشتنە قووڵەی گەل، ژیری و تێکۆشانی شەڕڤانان و پێشەوایەتییە ژیرانەکەدا، ئەو سەرکەوتنە بوو کە دوژمنی ناچار کرد پەشیمان بێتەوە، دان بە شکستدا بنێت و هێرشەکانی بەشێوەیەکی تاکلایەنە رابگرێت.
لەسەر ئەم بنەمایە، بە گەلی مەزن و قارەمانی ئێرانی ئیسلامی رادەگەیێنین کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەبێ هیچ متمانەیەک بە قسەی دوژمنان و بە دەستەوماشەوە، ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر کردەوەیەکی دەستدرێژکارانەی دوژمن بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و پەشیمانکەرەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ