رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئێران بۆ بەشداریکردنی لە دانیشتنی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی شانگهای، گەیشتە چین. بڕیارە لە پەڕاوێزی دانیشتنەکەدا لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوتاکانی کۆببێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 25-06-2025، عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی شانگهای، گەیشتە چین و لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەوە پێشوازی لێکرا.
بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران، عەزیز نەسیرزادە، سەرەڕای پێشکیشکردنی گوتارێک لە کۆبوونەوەکەدا، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوتاکانی خۆی لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە دیدار و گفتوگۆی دەبێت.
کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی هاریکاریی شانگهای، رۆژی پێنجشەممە 26ـی حوزەیران لە شاری چینگدائۆی چین بەڕێوەدەچێت.
رێکخراوی هاریکاری شانگهای ریکخراوێکی نێودەوڵەتییە و لە ساڵی 2001ـوە دامەزراوە، بە مەبەستی هاوکاریی بوارەکانی ئاسایش، سیاسی و ئابووری، کە ئێران تەممووزی 2023 تێیدا بووەتە ئەندام.
چین، هیندستان، رووسیا، کازاخستان، تاجیکستان، کرگیزستان، پاکستان، ئۆزبەکستان و بیلارووس، ئەندامی ئەو رێکخراوەن.
سەردانەکەی وەزیری بەرگریی ئێران بۆ چین لەکاتێدایەکە کە دوێنێ سێشەممە، دوای 12 رۆژ لە جەنگ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل راگەیاند و چاوەڕان دەکرێت بەشێک لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە، تایبەت بێت بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەنگی 12رۆژەی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ