بازاڕێکی گەورەی تاران بەناوی 'کۆڵانی مەروی' بەدەست کوردی فەیلییەوەیە

27-04-2024
رووداو @Rudawkurdish
کۆڵانی مەروی
کۆڵانی مەروی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بازاڕێکی نێو شاری تاران بەدەست کوردی فەیلییەوەیە. بازاڕەکە بە 'کۆڵانی مەروی' ناسراوە و بەشێکی گرنگی بازاڕی گەورەی تارانە. ئەوان لە دەیەی 80ی سەدەی رابردوودا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەرکراون و بەشێکی زۆریان لە تاران نیشتەجێ بوون.
 
بەشێک لە دووکانەکانی ئەو بازاڕە و مزگەوتەکەی، زیاتر لە 200 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن پزیشک و بازرگانێکی کرماشانی بە خێر دروستکراوە. رەنگە هەر ئەوە هۆکار بێت، کوردی فەیلی دواتر لەو شوێنە گیرسابنەوە. مزگەوتی "ئاغا مەحموود" نزیکەی 50 ساڵە بەدەست کوردە فەیلییەکانەوەیە و بەناوی 'مزگەوتی کوردان' ناوی دەرکردووە.
 
پێشتر هەموو دووکاندارانی کۆڵانی مەروی، کوردی فەیلی بوون، بەڵام ئێستا ژمارەیان کەم بووەتەوە. بەشێکیان بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە و بەشێکی دیکەشیان دوای رووخانی رژێمی بەعس، گەڕاونەتەوە عێراق و باشووری کوردستان.
 
حکومەتی بەعسی عێراق لە ساڵی 1980وە شەپۆلی ئەنفال و جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلیی دەستپێکردووە و لە ماوەی چەند ساڵدا زیاتر لە 20 هەزار کەسیان ئەنفال دەکرێن. دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا دەگیرێت، ناسنامەیان لێ وەردەگیرێتەوە و نزیکەی 500 هەزار کەسیان ئاودیوی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێن.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، 160 هەزار خێزانی کوردی فەیلی لە ئێرانن. بەشی زۆریان لە تاران دەژین و ژمارەیەکیشیان لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان نیشتەجێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە