رووداو دیجیتاڵ
کوژرانی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی ئێران چ لەناوخۆی ئێران و چ لە دەرەوە کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە، عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای ئێران داوایکرد بکوژانی زانا ئەتۆمییەکە سزا بدرێن و درێژە بە هەوڵەکانی ئەو بدرێن. سەرۆککۆماری ئێرانیش لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی، ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد.
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەکەدا گوتی "هەموو دووژمنانی ئێران باش بزانن گەلی ئێران و بەرپرسانی وڵات زۆر بوێرترن لەوەی کە ئەم کردە تاوانبارەیە بێ وەڵام جێبهێڵن. لەکاتی گونجاودا بەرپرسانی پەیوەست بەو بابەتە وەڵامی ئەو تاوانە دەدەنەوە. چ رژێمی زایۆنیستی و چ ئەوانەی دژی ئێرانن ئەوە بزانن کە رێگەی پەرەپێدان و گەشەکردنی وڵات بەخێرایی بەردەوام دەبێت".
جۆن برینان، بەڕێوەبەری پێشووتری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا لەسەردەمی ئیدارەی ئۆباما لە توویتەر نووسیویەتی: "ئەمە تاوانە و ئەوپەڕی بێسەروبەرییە. ریسکی تۆڵەسەندنەوەی کوشندە و خوولێکی نوێ لە ململانێی ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە. سەرکردەکانی ئێران باشتروایە هۆشیاری بنوێنن و چاوەڕێی گەڕانەوەی سەرکردایەتی بەرپرسیارانەی ئەمریکا بکەن و دژ بە خواستیان بە تۆڵەسەندنەوە لە تاوانبارە گریمانییەکان بووەستن".
مایکڵ موڵرۆی، سەرۆکی پێشووی سیاسەتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "کوشتنی فەخریزادە شکستێكە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و بەهۆی پێگەی فەخریزادە لە سوپای پاسداران، وا لە خواستی ئێران دەکات لەڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە وەڵام بداتەوە."
هەندێ سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە گوایە ئەمریکا پێشوەختە ئاگاداری کات و شوێنی هێرشەکە بووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراو نییە ئەو هەواڵانە بسەلمێنێت.
هاوئاهەنگی هەواڵگری نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەمێژە هەیە بەتایبەتی لە 20 ساڵی رابردوودا کە تێیدا چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران وەک ئیسرائیل و رۆژئاوا دەڵێت "بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەڕۆن."
لەو ماوەیەشدا فەخریزادە وەک داینەمۆی بەرەوپێشبرنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پۆڵێنکراوە.
موحسین فەخریزادە هەندێک بە "باوکی ئەتۆمیی" ئێران و هەندێک بە "سندووقە رەشەکەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران" ناویاندەبرد. کوشتنی فەخریزادە حەڵقەیەکە لە زنجیرەکانی کوژرانی زانایانی ئەتۆمی ئێران کە هەمیشە تاران پەنجەی تۆمەتەکانی ئاراستەی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکات.
رووداوەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئێران هەڕەشەی "تۆڵەسەندنەوەی بەزەبری" کرد. دوای ئەو پەیامانەش، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەک کرد دانبەخۆیاندا بگرن و هیچ هەنگاوێک نەگرنەبەر کە ببێتە هۆی هەڵچوون.
فەرحان حەق، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێنراوێکیدا رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو راپۆرتانەن کە لەبارەی کوشتنی زانا ئەتۆمییەکە بڵاوکراونەتەوە و "داوای دانبەخۆداگرتن دەکەین و جەخت لە پێویستیی خۆبەدوورگرتن لە هەر هەنگاوێک دەکەینەوە کە ببێتە هۆی هەڵچوونی گرژییەکان لە ناوچەکە".
هاوژینی زانا کوژراوەکەی ئێران: نابێت خوێنی هاوژینەکەم بەفیڕۆبچێت
هاوژینی زانا ئەتۆمییە کوژراوەکەی ئێران دەڵێت، نابێت خوێنی هاوژینەکەی بەفیڕۆبچێت.
جەنەڕال ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگریی ئێران بە مەبەستی سەرەخۆشیکردن سەردانی خێزانی موحسین فەخری زادە کرد. هاوژینی زانا ئەتۆمییەکە پێی گوت، "هاوژینەکەی شەهیدبوونی خۆشدەویست و بۆ مەبەستێک مرد کە لای ئەو گرنگیی هەبوو."
هاوکات کوڕی زانا کوژراوەکە رایگەیاند "دەبێت خۆبەزلزانەکەی جیهان بزانێت کە بە کوشتنی فەخریزادە ئەم رێگەیەی بەرەوپێشچوونە ناوەستێنرێنت".
"خۆبەزلزان" ئەو دەستەواژەیەیە کە بەشێک لە ئێرانییەکان بۆ ئاماژە کردن بە ئەمریکا بەکاریدێنن.
دوێنی موحسین فەخریزادە، ناسراو بە بە باوکی ئەتۆمی ئێران، لە شارۆچکەی ئابسەردی تاران لە هێرشێکدا کرایە ئامانج و کوژرا. بە گوێرەی میدیای ئێرانی، لە سەرەتادا تەقینەوەیەک روویداوە و دواتر دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ