رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی، پەنای بۆ راکێشانی پارەی سپاردەی باجەکان بردووە، کە زیاتر لە سێ تریلیۆن و چل و پێنج ملیار دیناری راکێشاوە. ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمان دەڵێت، حکومەت کێشەی پارەی کاشی هەیە، بۆیە پەنای بۆ پارەی سپاردەی باجەکان بردووە.
لەسەر بنەمای پێشنیازێکی وەزیری دارایی، کە لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیراندا خستیەڕوو، هەروەها بە پشتبەستن بەو نووسراوێکی وەزارەتی دارایی بە ژمارە (11س / 373) لە 14-4-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 15-4-2025 بڕیاری داوە، دەسەڵات بە وەزیری دارایی بدرێت بۆ راکێشانی پارەی سپاردەی باجەکان، کە هێشتا پێنج ساڵیان بەسەردا تێنەپەڕیوە."
بە گوێرەی نووسراوەکە بڕی پارەکە زیاتر لە سێ تریلیۆن و 45 ملیار بووە، بۆ دابینکردنی دارایی (تەمویلکردن) و پێدانی مووچەی مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەت پارەی کاشی پێویستی لەبەردەست نەبووە، بۆیە بە ناچاری پەنای بۆ پارەی سپاردەی باجەکان بردووە، کە هێشتا پێنج ساڵی تێپەڕنەکردووە، ئەوە کارەکەشی بەشێوەیەکی یاسایی کردووە.
ئەندامەکەی لیژنەی ئابووریی ئەوەی پێ باشترە لەوەی دەست بۆ یەدەگی فەرمی وڵات ببرێت و رەتیکردەوە، ئەمە هاوشێوەی کارەکەی نوور زوهێر بێت کە پارەی سپاردەی باجەکانی بردبوو.
29ـی نیسانی 2025 فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بە رووداوی گوت: "عێراق کێشەی دارایی هەیە، نرخی نەوت دابەزیوە."
مستەفا سەند، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رەخنەی لەو بڕیارەی حکومەت گرتووە و لە فەیسبووک نووسیویەتی: "پارەی سپاردەی بەڵێندەران و کۆمپانیاکان وەردەگرن و دەیکەنە مووچەی مانگی چوار و پێنج. دوای دوو ساڵیش، بەڵێندەرەکان سکاڵا لەسەر حکومەتی داهاتوو تۆمار دەکەن و ئەویش (حکومەتی داهاتوو) سەری لێ دەشێوێت (نازانێت چی بکات)".
مستەفا سەند، دەڵێت "بۆ زانیاریتان، ئەمە هەمان ئەو هەژماری سپاردە باجییانەیە کە نوور زوهێر دزیبووی، سوبحانەڵڵا، هەمان بڕیشە".
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی گشتیی باجەکانی عێراق، 3.7 تریلیۆن دیناری دزراوە، هەرچەندە ژمارەکە لە زیادبووندایە.
بڕی ئەو پارەیەی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا لە بانکی رافیدەین (یەکێک لە بانکەکانی حکومەتی عێراق)، لەنێوان ساڵانی 2021 و 2022 دزرا و بە "دزیی سەدە"ناوی دەرکردووە.
هەرچەندە سەرەتا وا بڵاوکرایەوە، نزیکەی سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینار بردراوە و کەسێکیش بەناوی نوور زوهیر وەکو تاکە تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە ناسێندرا، بەڵام بەپێی دەستەی دەستپاکی و ژمارەکانی نێو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی رۆژی یەکی مانگی ئابی 2024، پارە دزراوەکە بۆ شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینار زیادیکردووە، دەشگوترێت پارەکە نزیکەی 10 ملیار دۆلار دەبێت کە نوور زوهیر لەبارەیەوە گوتی زیادکردنی بۆ" داپۆشینی دزیی دیکەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ