رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سەلاحەدین دەڵێ، عەجاج خەریکی ئاژەڵداری بوو و نەشتەرگەریی جوانکاری کردبوو بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە.
رۆژی هەینی، کاوە شێخانی، ئەندامی لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەوروبەری کاژێر 12:30ی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 30 مانگی رابردوو عەجاج تکریتی لە قەزای زوڵوعییە لە ناوچەی ئەلبوجواری تکریت دەستگیرکرا."
کاوە شێخانی، کە هاوکات راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدینە، گوتی، "عەجاج پێشتر نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ رووخساری کردبوو؛ ئامانج لەوەش ئەوەبوو کە نەناسرێتەوە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئەمنیی سەلاحەدین ئاماژەی بەوە کرد: "عەجاج خەریکی کاری ئاژەڵداری بوو و هەشتا سەر مەڕ و چوار مانگای هەیە؛ دوو ئۆتۆمبێلی جۆری کیا و تۆیۆتاشی هەیە."
عەجاج کچێک و کوڕێکی هەیە.
بە گوتەی کاوە شێخانی، "لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سەلاحەدین رۆڵی سەرەکی لە دەستگیرکردنیدا هەبوو و دوای دەستگیرکردنیشی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی نیشتمانی لە تکریت دانی بە ناسنامەی راستەقینەی عەجاجدا نا."
هەر ئەمڕۆ، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی عەجاجی نوگرەسەلمانی راگەیاند و دەڵێت، کەسوکارەکەی بۆ چەواشەکردنی دەزگا ئەمنییەکان، بانگەشەی مردنییان کردبوو.
بە گوێرەی دەزگاکە، عەجاج چەندین پۆستی ئەمنی هەبووە، لەوانەش ئەفسەری کەرتی رومێسە، ئەفسەری کەرتی نەجمی، ئەفسەری کەرتی هیلال، ئەفسەری کەرتی پارێزگای موسەننا، ئەفسەری کەرتی بوسەییە و دواجاریش ئەفسەری کەرتی نوگرەسەلمان بووە.
ساڵی 1988 لە هەڵمەتێكی سەربازیی گەورە و پلان بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعس بە 8 قۆناخ پرۆسەی ئەنفالی كورد بەڕێوەچوو.
ئەوانەی لە ئەنفالدا دەستگیركران، لە قۆناخی دواتردا لە یەكدی جیاكرانەوە، گەنجەكان لەلایەك و ئافرەت و منداڵ و پیر و بەتەمەنەكانیش لەلایەكی دیكە. گەنجەكان بە پاس بەرەو چاڵەكانی مەرگ رەوانە كران، ئەوانی دیكەش بەرەو زیندانی مەترسیدار و تۆقێنەری نوگرە سەلمان لە باشووری عێراق لەسەر سنووری عێراق و سعودیە گوێزرانەوە.
ئەوانەی لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەربوون، لەلایەن جەللادێكەوە ئەشكەنجە دەدران کە عەجاج تكریتی بوو و لای کوردانی نوگرە سەلمانیش بە حەجاج ناودەبرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ