لەم هەڵبژاردنەدا 9 کاکەیی بەربژێرن بۆ پەرلەمانی عێراق

01-11-2025
هێمن عەساف
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە رۆژی 11ـی تشرینی دووەم بکرێت، 9 بەربژێری کاکەیی کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمان دەکەن.
 
ئەو 9 بەربژێرە کاکەییە لەسەر لیستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە.
 
هۆشیار کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سێ لە بەربژێرەکان لە پارێزگای کەرکووکن، سێ دیکەیان لە پارێزگای نەینەوان و سێیەکەی دیکە لە پارێزگای دیالەن.
 
بەربژێرەکانی کەرکووک بریتین لە: حەسەن سەفەر، لەسەر لیستی یەکێتی، نەجوا حەمید و هانا بەهجەت لە لیستی پارتی.
 
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمان، 13 کورسی بۆ پارێزگای کەرکووک تەرخانکراوە، کە یەکێکیان بۆ پێکهاتەی کریستیانە و سێ کورسیش کۆتای ژنانە.
 
لە نەینەوا، هەریەک لە ئەحلام رەمەزان و غازی فەیسەڵ لەسەر لیستی یەکێتی و غازی خەلیل لەسەر لیستی پارتی بەربژێرن. نەینەوا بە 34 کورسییەوە، دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە لە رووی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانەوە.
 
لە پارێزگای دیالە و بەدیاریکراوی لە قەزای خانەقین، سوهاک فەخرەدین، عەدنان ئەنوەر و ئەرکان حەیدەر، کە هەر سێکیان لەسەر لیستی یەکێتین، کێبڕکێ لەسەر 14 کورسییەکەی پەرلەمان دەکەن کە بۆ ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی عێراق تەرخانکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە