ئێران کارەبای دیالەی بڕی

02-03-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەو کارەبایەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ  پارێزگای دیالەی دابینیی دەکرد، جارێکی دیکە بڕا، ئەوەش کاژێرەکانی پێدانی کارەبای لەو پارێزگایە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە.
 
کارەبای ئێران کە لە رێگەی هێڵی گواستنەوەی "میرساد"ـەوە بۆ پارێزگای دیالە دابین دەکرا، لە ئێوارەی دوێنێ شەممەوە بڕاوە. 
 
ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 02-03-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، زیاتر لە 300 مێگاوات کارەبا لە دیالە کەمبووەتەوە، ئەمە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دۆخی کارەبای ناوچە فراوانەکانی رۆژهەڵات، باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکە دروستکردووە.
 
سەبارەت بە هۆکاری بڕینی کارەباکەش، ئەوس مەهداوی گوتی، هێشتا هۆکاری بڕانەکە روون نییە و چاوەڕوانی روونکردنەوەی لایەنی ئێرانی دەکەن. 
 
گوتیشی "پێدەچێت کێشەکە تەکنیکی بێت، یان پەیوەندیی بە دووبارە پرۆگرامکردنی کۆدەکانەوە هەبێت."
 
ئەمە یەکەمجار نییە کارەبای هێڵی "میرساد" دەبڕێت، پێشتریش بە هۆکاری جیاواز ئەو کارەبایە بڕاوە.
 
لە سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران لە 8-01-2025، زیاد عادل فازڵ، وەزیری کارەبا رایگەیاندبوو، لە ئەنجامی گفتوگۆکان دا 625 مێگاوات کارەبا لە رێگەی هێڵەکانی "میرساد، کرخە و سیریل" دەگەڕێتەوە.
 
ئەو 625 مێگاواتە، بەشێک بوو لەو 1200 مێگاوات کارەبایەی ئێران، کە مانگی کانوونی یەکەمی 2024 لەسەر عێراقی بڕی.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە