رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە خۆپێشاندانەکانی شەوی رابردووی بەغدا، بەهۆی تەقەی هەندێک لە خۆپێشاندەرانەوە 13 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون و 15 کەسیش دەستگیر کراون.
شەوی 1ی ئاداری 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند, لەکاتی ئەرکی یەکە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی دەوروبەری ناوچەی سەوز لە بەغدا، لەنێو خۆپێشاندەرانەوە تەقە لە هێزە ئەمنییەکان کراوە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، 13 کارمەندیان بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، هەروەها 15 تۆمەتباریش لەنێو خۆپێشاندەران دەستگیرکران کە سێیان گومانلێکراو بوون بە هەڵگرتنى چەک؛ داواشی لە خۆپێشاندەران کردووە، کە خۆیان بەدوور بگرن لەو کەسانەی دەیانەوێت ئاژاوە بنێنەوە.
خۆپێشاندانەکە لەلایەن ژمارەیەک لە هێزە شیعەکانەوە کرا، کە نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێنراوێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە داوە، ژمارەیەک لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن هەندێک لە خۆپێشاندەرانەوە بە دەمانچە تەقەیان لێکراوە و بریندار کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ