رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی سەر بە حەشدی شەعبیی عێراق و ناوچەکە بڵاویانکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سێ هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ناوچەی جەرفولسەخر لە باکووری پارێزگای بابل، کە ناوەندێکی سەرەکیی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026 ناوچەی جەرفولسەخر لە باکووری پارێزگای بابل، سێ جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە، بۆردوومان کراوە.
ناوچەی جەرفولسەخر، کە گرووپە چەکدارەکان ناوەکەیان بۆ جەرفولنەسر گۆڕیوە، نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای بەغداوە دوورە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ باسیان لە بیستنی دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شاری فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکان و وردەکاریی ئەو تەقینەوانە نەزانراون.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە دوای ئەوە دێن، کە هەر ئەمڕۆ گرووپی (سەرایا ئەولیا ئەلدەم) رایگەیاند بە "رەوە درۆن" بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریایان لە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا.
لەوەتەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە رۆژی 28-2-2026 دەستیپێکردووە، ئەوە دووەمجارە هێرش دەکرێتە سەر ناوچەی جەرفولسەخر، رۆژی 28ی شوبات لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر ناوچەکە دوو چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ