رووداو دیجیتاڵ
دوای هەشت مانگ کارکردن، کۆمپانیایەکی چینی رایدەگەیێنێت، توانیویانە نەوت و گازی نوێ لە ناوچەی نەفتخانەی نزیک قەزای خانەقین بدۆزنەوە.
کۆمپانیای جیۆجەید پەترۆڵیۆمی چینی بەبۆنەی ئەو دەستکەوتەیەوە ئاهەنگی گێڕا.
لەدوای قۆناخی یەکەم کە دیاریکردنی ناوچەکەیە، قۆناخی دووەم دەستپێدەکات و هەشت بیر لێدەدرێت بۆ ئەوەی قەبارەی گاز و نەوتی ناوچەکە دیاری بکرێت.
ئەمیر مەحموود، بەڕێوەبەری کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای دیالە بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەو پشکنینە نەکەیت، نازانیت کێڵگەکان چەندن، چییان تێدایە و قەبارەیان چەندە. دوای پشکنینەکە شوێنی بیر دیاری دەکەن.
ناوچە نەفتییەکانی نەفتخانە، گڵابات و ئینجانەی قەزای خانەقین، وەک بەشێک لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، بابەتێکن بۆ ناکۆکی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەڕێوەبردن و داهاتەکەیان. بەگوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بێ گەڕانەوە بۆ دەستوور ئەم ناوچانە بەڕێوە دەبات و نەوتەکەی دەردەهێنێت.
سوزان مەنسوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، ئەو کارە وانابێت، نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگای لێنەبێت و خەڵکی ناوچەکە سوودی لێنەبینێت.
باسم محەممەد، جێگری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنانیش رایگەیاند: هەمیشە هاوئاهەنگییان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەشێوەیەک بێت لە سوودی نیشتماندا بێت.
جگە لە دۆزینەوەی بیری نەوتی نوێ، کۆمپانیای جیۆجەید پەترۆڵیۆم سەرقاڵی پەرەپێدان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گازیشە لە کێڵگە کۆنەکانی خانەقین. ئەم کارانە بەرپرسانی شارەکەی دڵخۆش و داواکار کردووە کە پڕۆژەی زیاتر بۆ شارەکە بهێندرێت.
یەکەمین بیرەنەوتی نەفتخانە لە ساڵی 1925 لەلایەن کۆمپانیایەکی بەریتانییەوە هەڵکەندراوە. تائێستا زیاتر لە 42 بیرە نەوت لەم ناوچە سنوورییەی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ