سوودانى: ئامادەبوونى ئەحمەد شەرع لە لووتکەی بەغدا گرنگە

02-05-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، ئامادەبوونى ئەحمەد شەرع، سەرۆکى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر لە لووتکەى عەرەبی، "گرنگە" تاوەکو تێڕوانینى سووریاى نوێ روون ببێتەوە. راشیگەیاند، بڕیارە گەڕى سێیەمى دانوستاندنی نێوان عێراق و ئەمریکا لەبەغدا بێت، بۆ گەیشتن بە داڕشتەى کارى هاوبەشى ئەمنى.
 
لووتکەى عەرەبی لە 17ـی ئایاری 2025 لە بەغدا دەکرێت، 27ـی نیسان عێراق بە فەرمى بانگھێشتنامەی رادەستى ئەحمەد شەرع کرد بۆ ئامادەبوون لەو لووتکەکە. 
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، ئامادەبوونى ئەحمەد شەرعی لە لووتکەکە بە "گرنگ" زانی و گوتی: "بەدەر لە پرۆسەى سیاسی و شێوازى گۆڕانکارییەکە، گرنگە تێڕوانینى سووریاى نوێ روون ببێتەوە"، گوتیشی، پاڵپشتى سووریا دەکەن و رێز لە بژاردەکانى دەگرن.
 
لەبارەى پەیوەندیى عێراق و ئەمریکا، محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند: "ئەزموونێکى سەرکەوتوومان لە دۆسیەى ئەمنیدا هەیە لەگەڵ ئەمریکا لە سەرۆکایەتیکردنى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش." 
 
بە گوتەی سوودانی بڕیارە گەڕى سێیەمى دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و عێراق لەبەغدا بێت بۆ گەیشتن بە داڕشتەى کارى هاوبەشى ئەمنى. 
 
سوودانی ئاماژەی بە پەیوەندییە بارزگانییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق کرد و رایگەیاند، تەنیا پار بە بەهای 4.5 ملیار دینار ئۆتۆمبێلیان لە ئەمریکا هاوردە کردووە.
 
ئەو گوتانەى محەممەد شیاع سوودانى لە چاوپێکەوتنێکدا بوو کە ماڵپەڕى پۆڵس-ى ئەمریکى لەگەڵیدا کردوویەتی.
 
سەرۆکوەریرانى عێراق ئاماژەى بەوەدا کە قەبارەى وەبەرهێنان لە ناوخۆى عێراق 88 ملیار دۆلارە و گفتوگۆیان لەگەڵ وڵاتانى دۆست کردووە لە بارەى گەڕاندنەوەى پارەکانی دەرەوەی وڵات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە