عێراق کامێرایەکی نوێی تیژڕۆیی دادەنێت؛ راستەوخۆ پارە لە شۆفێر وەردەگرێت

02-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق کامێرای تیژڕۆیی ئۆتۆمبێل لەسەر رێگە خێراکان دادەنرێت. سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان دەگرێتەوە بە ئەوانەشی کە تابلۆى هەرێمى کوردستانن، پێبژاردنەکە دەگاتە 200 هەزار دینار و راستەخۆ لە شۆفێران وەردەگیرێت. 
 
ئەمڕۆ هەینى دووی ئایارى 2025، عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی هاتووچۆى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "کامێرای تیژڕۆیى لەسەر رێگەى گشتیی نێوان پارێزگاکان خراوەتەکار بۆ تۆمارکردنى سەرپێچییەکان کە سزاکەى بەگوێرەى خێراییەکە دەگاتە 200 هەزار دینار."
 
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى هاتووچۆی عێراق ئاماژەى بەوەدا کە رێگە خێراکان بە هێڵ جیاکراونەتەوە. بەشى چەپى تاوەکو خێرایی 120 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا رێگەپێدراوە، نێوەڕاست 100 کیلۆمەتر و بەشى راستى رێگەکە 50 کیلۆمەتر رێگە پێدراوە. 
 
بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان، ساڵى 2024 زیاتر لە حەوت هەزار رووداوى هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە، یەکێک لە پاساوەکانى دانانى ئەو کامێرایانەی تیژڕۆیی رێگرى بووە لە رووداوەکانى هاتووچۆ.
 
عەقید حەیدەر شاکر، رایگەیاند: "ئەو سزایە سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان دەگرێتەوە بە ئەوانەشەوە کە هەڵگرى تابلۆى هەرێمى کوردستانن." 
 
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى هاتووچۆى عێراق ئاماژەی بەوەدا، دواى تۆمارکردنی سەرپێچی، یەکەى پۆلیسى هاتووچۆ ئۆتۆمبێلەکە رادەگرێت و راستەوخۆ پارەى پێبژاردنەکە لە خاوەنەکەی وەردەگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە