کامێرای نوێی چاودێری لە شەقامەکانی بەغدا دانرا؛ "تابلۆکانی هەرێمی کوردستانیش تۆمار دەکات"

02-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی هاتووچۆى عێراق رایگەیاند، "لە 5 شەقامی سەرەکیی بەغدا کامێرای پێشکەوتوو و نوێی چاودێری دانراوە، کە تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلەکان تۆمار دەکات." دەشڵێت، لە مانگەکانی داهاتوودا ئەو کامێرایانە لە سەرجەم رێگە سەرەکییەکانی بەغدا و تەواوی پارێزگاکانی دیکەش دادەنرێت.
 
پێشتر سزای تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلەکانی هەڵگری تابلۆی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی عێراق تۆمار نەدەکرا. حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی هاتووچۆى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کامێرایانە تیژڕۆیی ئەو ئۆتۆمبێلانەش تۆمار دەکەن کە هەڵگری تابلۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن، بۆ ئەو مەبەستە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەکەین."
 
هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئەپلیکەیشنەکانی "چاوی عێراق، ماڵپەڕی ئوور و ماڵپەڕی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق" بڕی سزای تیژڕۆییەکەیان بزانن.
 
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی هاتووچۆى عێراق گوتیشی، "کار لەسەر ئەوە دەکەین لە رێگەی سیستمێکەوە، راستەوخۆ دوای سەرپێچیکردنەکە، شۆفێرەکە ئاگادار بکەینەوە."
 
بە گوتەی عەقید حەیدەر شاکر، "ئەگەر شۆفێری سەرپێچیکار لە 72 کاژێری یەکەمدا پێبژاردنەکەی بدات، ئەوا نیوەی بڕی سزاکەی لێوەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر مانگێکی بەسەردا تێپەڕبێت و نەیبژێرێت، ئەوا سزاکە دوو هێندە دەبێت."
 
زۆرترین بڕی سزا بەگوێرەی خێرایی دیاریکراوی سایدی شەقام، 200 هەزار دینارە.
 
بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان، ساڵى 2024 زیاتر لە 7000 رووداوى هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە.
 
وەکو بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی هاتووچۆى عێراق ئاماژەی پێدا، "تێبینیمان کردووە رووداوەکانی هاتووچۆ ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبن؛ ئامانجیشمان لە دانانی ئەو کامێرایانە کەمکردنەوەی ئەو رووداوانەیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە