وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی پەرلەمانتارێکی هەدەپە رادەگەیێنێت

02-09-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو - هەولێر 

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی سەمرا گوزەل، ئەو خانمە پەرلەمانتارەی هەدەپەی راگەیاند کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەکی لەگەڵ گەریلایەکی پەکەکەدا پارێزبەندیی لێسەندرایەوە و دواتر خۆی شاردەوە. 
 
سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە ئاماژەیەکیدا بۆ پەیوەندیی نێوان هەدەپە و پەکەکە ئەمڕۆ هەینی 2-9-2022 لە تویتێکدا نووسی: "سەمرا گوزەل، پەرلەمانتاری (هەدەپەکەکە) دەستگیرکرا".
 
سۆیڵو بە تەنزەوە ئاماژەی بۆ پەیوەندیی نێوان جەهەپە و هەدەپە کردووە و لە تویتەکەیدا نوسیوویەتی: "کڵچدارئۆغڵوی خۆشەویست، هەواڵێکی ناخۆشم بۆت هەیە. سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری (هەدەپەکەکە) دەستگیرکرا. گوزەل بە پاسەپۆرتێکی ساختەوە بە ناوی مێهتاپ شاهان لەگەڵ قاچاخچییەکی کۆچبەران بەناوی (ئا.گ) هەروەها کەسێکی دیکەش بەناوی (ف. د) کە بانگەشەی بۆ رێکخراوی تیرۆریستی دەکرد، لە کاتی چوونیان بۆ پارێزگای ئەدیرنە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ و دەزگای هەواڵگریی میت دەستگیرکرا". 
 
رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2021، چەند وێنەیەکی سەمرا گوزەل لەگەڵ گەریلایەکی پەکەکە بە ناوی ڤۆڵکان بۆرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە. رۆژی 11ی کانوونی دووەمی 2022، لەسەر داوای سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، دۆسیەیەک دژی سەمرا گوزەل لەڕێگەی وەزارەتی دادەوە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا و داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی و لێسەندنەوەی متمانەی کرد بۆ دادگاییکردنی. پەرلەمانی تورکیاش رۆژی 1ی شوباتی 2022 لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا. 
 
ڤۆلکان بۆرا، ئەو گەریلایەی پەکەکە کە وێنەی لەگەڵ سەمرا گوزەل گرتبوو، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لە ساڵی 2017 گیانی لەدەستدابوو و، تەرمەکەی کەوتبووە دەست هێزەکانی تورکیا. له‌ ئه‌نجامی پشكنینی مۆبایلەکەیدا ئەو وێنانە دۆزرابوونەوە و ئەوانیش لە کانوونی یەکەمی 2021دا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە تورکیا و باکووری کوردستان تەنی.
 
رۆژی 1ی ئاداری 2022، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا بە 313 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 52 دەنگی نەخێر، پارێزبەندی لە سەمرا گوزەل بە تۆمەتەکانی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لێسەندرایەوە، بەڵام ناوبراو لە رۆژی 28ی شوباتی 2022 واتە رۆژێک بەر لە لێسەندنەوەی پارێزبەندییەکەی دیارنەمابوو. 
 
رۆژی 1ی نیسانی 2022، بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، رۆژی 23ی ئادار لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە و بەفەرمانی دادگای سزا قورسەکان، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەمرا گوزەل دەرچوو، بەڵام ئەو هێزەی راسپێردرابوون بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکە، پێیان راگەیاندووە کە ئەو کەسە دیار نییە و کەس زانیاری لەبارەی شوێنەکەی نییە. بۆزداغ راشیگەیاند، سەمرا گوزەل لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانەوە نەچووەتە دەرەوە وڵات. 
 
رۆژی 4ی نیسانی 2022، ئیسماعیل چاتاکڵی، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ و گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند: "سەمرا گوزەل هەڵاتووە و بەدوایدا دەگەڕێین، بەڵام تاوەکو ئێستا نەماندۆزیوەتەوە."
 
دادگەی دەستووریی تورکیا رۆژی 12ی ئایاری 2022، لەسەر داوای سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، بەڵگەی هەڵاتن و خۆشاردنەوەی سەمرا گوزەلی خستە سەر دۆسیەی داخستنی هەدەپە. داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە تۆمەتی خستبووە پاڵ هەدەپە بەوەی زانیارییان هەبووە کە سەمرا گوزەل سەردانی قەندیلی کردووە و وێنەی لەگەڵ گەریلایەک هەبووە. 

 

هەروەها داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە تۆمەتێکی دیکەی خستە پاڵ هەدەپە بەوەی زانیارییان لەبارەی شوێنی خۆشاردنەوەی سەمرا گوزەل هەیە و هاوکاری دەکەن بۆ ئەوەی بچێتە دەرەوەی تورکیا.

 

بیۆگرافیی سەمرا گوزەل 
 
- ساڵی 1984 لە شارۆچکەی وێرانشاری رووها لەدایکبووە. 
- پەرلەمانتاری ئامەدی فراکسیۆنی هەدەپە بوو.
- پزیشکی پسپۆڕی سڕکردنی نەشتەرگەرییە گشتییەکانە.
- ساڵی 2009 وەک پزیشک لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی مێردین دامەزرا.
- ساڵی 2012 بووە پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئامەد. 
- ساڵی 2013 بووە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی سەندیکای رەنجدەرانی تەندروستی و کۆمەڵایەتیی ئامەد.
- ساڵی 2016 بووە هاوسەرۆکی ژووری پزیشکانی ئامەد. 
- ساڵی 2018 لە بازنەی ئامەد بە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێردرا.  
- ئەندامی کۆمسیۆنی کاروباری تەندروستی و کۆمەڵایەتیی پەرلەمانی تورکیا بوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەلینا دێلکی، یەکێک لەو هونەرمەندانەی دەستگیرکراوە

سێ هونەرمەندی دیکەی تورکیا بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران

لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەردا هەریەک لە هونەرمەندانی ناسراوی تورکیا؛ ئالەینا تیلکی، دانڵا بیلیچ و موئمینە سەننا یڵدز دەستگیرکران.