موقتەدا سەدر: مادورۆ بەدەستی زۆردار کەوت و چارەنووسی گەندەڵکارانی دیکەش هەروا دەبێت

دوێنێ کاژێر 10:49
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لەبارەی دەستگیرکردنی مادورۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەوەی لە کاراکاس لەسەر دەستی ترەمپ روویدا، پەیامێکی روونە."

رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئەوەی لە کاراکاس لەسەر دەستی ترەمپ روویدا، پەیامێکی روونە سەبارەت بە بەجیهانیبوون کە ئامانجی ستەمکارانی جیهان بووە و هەرواش دەمێنێتەوە."
 
ئەمڕۆ شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزە تایبەتەکانی وڵاتەکەی توانیویانە نیکۆلاس مادورۆ و هاوژینەکەی لە کاراکاس دەستگیر بکەن و بیانبەنە دەرەوەی وڵات.
 
موقتەدا سەدر، رووداوەکە بە پەیامێک بۆ هەموو دژبەران و نەیارانی سیاسەتەکانی ئەمریکا وەسف دەکات و دەڵێت، "ئەو پرۆسەی دەستگیرکردنەی ترەمپ کردوویەتی، رەنگە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت."
 
سەدر پەیامەکەی ئاراستەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش دەکات و دەڵێت، "ئەمە پەیامێکە بۆ هەموو رێکخراو و یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش ئەنجوومەنی ئاسایش، نەتەوە یەکگرتووەکان، دادگەی نێودەوڵەتی، مافەکانی مرۆڤ و هەموو ئەوانی دیکە."
 
موقتەدا سەدر راشیگەیاند، ئەگەر ئەمڕۆ، رووخانی مادورۆ و دەسەڵاتەکەی لەسەر دەستی ستەمکارێک بێت، "ستەمکار شمشێری منە، تۆڵەی پێ دەکەمەوە و تۆڵەی لێ دەکەمەوە، ئەوا رووخانی ستەمکاران و گەندەڵکارانیش بە هەمان شێوە یان بە رێگەی دیکە دەبێت کە جگە لە خودا کەس نایزانێت."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، رێبەری رەوتی سەدر نووسیویەتی، " خودایە، ستەمکاران بە ستەمکارانەوە سەرقاڵ بکە و ئێمەش لە نێوانیاندا بە سەلامەتی دەرباز بکە. خودایە، وامان لێ بکە لەو چاکانە بین کە نیشتمانمانیان خۆشدەوێت و لە نێوان ئێمە و گەلی ستەمکار و گەندەڵکار و پاشکۆکاندا جیاکەرەوە بە، ئەوانەی لە زەویدا ستەم و تیرۆر و سەربڕینیان بڵاوکردەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە