رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێ، کشانەوەی محەممەد شیاع سوودانی لە کێبڕکێی پۆستی سەرۆکوەزیران هەڵوێستێکی "لەبیرنەکراو" و "نیمچە سوپرایز" بوو؛ دەنگۆی سزادانی عێراقیش لە ئەگەری پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتیی خۆی بە "هەڵمەتی ترساندن" ناودەبات.
نووری مالیکی، رۆژی سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە گوتی، سوودانی لە بەرامبەر کشانەوەکەی یان پاڵپشتییەکەی داوای هیچ شتێکی لێ نەکردووە و تەنانەت "راستەوخۆش لەو بارەیەوە قسەمان نەکردبوو."
سەبارەت بە پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە چەند مانگی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، مالیکی دەڵێ، بەدوای رێگەچارەیەکدا دەگەڕان و لەبارەی ئەگەری گۆڕینیشی گوتی: "رێز لە جیاوازیی بۆچوونەکان دەگرم. ئەگەر دوو لەسەر سێی لایەنەکان بڕیاری گۆڕینی من بدەن، بڕیارەکە قبووڵ دەکەم."
لەبارەی گرووپە چەکدارەکانیش مالیکی ئاماژەی بەوە کرد: "پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵیان هەیە و مێژوویەکی هاوبەش کۆمان دەکاتەوە؛" روونیشیکردەوە کە ئەو گرووپانە "دڵنیاییان دەوێ کە دوای کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، ناکرێنە ئامانج."
لەبارەی توویتەکەی رۆژی سێشەممەی رابردووی دۆناڵد ترەمپ، مالیکی رایگەیاند: "توویتەکە لەسەر بنەمای زانیاریی چەواشەکارانە بووە؛" گوتیشی: "زانیاریمان لە نزیک ناوەندی بڕیاری ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە ئەوانیش سەرسامن بەو توویتەی ترەمپ."
نووری مالیکی گوتی: "عێراق رووبەڕووی هیچ سزایەک نابێتەوە، ئەگەر حکومەت پێکبهێنم؛" راشیگەیاند، هیچ کەناڵێکی پەیوەندیی فەرمی لەگەڵ ترەمپ نییە و ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوای لێ نەکردووە لە بەربژێربوون بکشێتەوە.
مالیکی هەروەها گوتی، مەرجەعیەتی ئایینی پیرۆزبایی لە رێککەوتنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە و جەختیکردەوە، قۆناخی داهاتوو پێویستی بە کرانەوەیە، نەک دابڕان و کێشە لەگەڵ هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 27ی کانوونی دووەمی 2026 لە پەیامێکی تووند دا هۆشداریی دا کە ئەگەر نووری مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران، واشنتن چی دیکە هاوکاریی عێراق ناکات.
ترەمپ نووسیبوی، "دواجار کە مالیکی لە دەسەڵات بوو، وڵات بەرەو هەژاری و پشێوییەکی گەورە رۆیشت، نابێت رێگە بدرێت جارێکی دیکە ئەوە رووبداتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ