رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای ئەنبار دەڵێ، ئێوارەی ئەمڕۆ مووشەکێکی "ئێرانی" لە قەزای هیت لە رۆژئاوای پارێزگاکە کەوتووەتە خوارەوە.
ئەحمەد مەشهەدانی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 5:30 بۆ 5:45ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، مووشەکێک لە ناحیەی فورات لە سنووری قەزای هیت کەوتە خوارەوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی ئەنبار، "مووشەکەکە ئێرانییە و لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی دوور لە شوێنی نیشتەجێبوون کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و مادیی نەبووە."
ئەحمەد مەشهەدانی ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
پارێزگای ئەنبار دەکەوێتە رۆژئاوای عێراق و زۆربەی دانیشتووانەکەی سوننەن، رووبەرەکەی نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق پێکدەهێنێت و سنووری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی ئوردن، سعودیە و سووریا هەیە؛ هەروەها هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، بەغدا، کەربەلا و نەجەف.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ