رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانیی خۆی بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی راگەیاند، کە رۆژی سێشەممە جێبەجێکردنی ئەو سێ یاسایەی راگرت بەم دواییە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسند کران.
یاساکان بریتین لە هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959، هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتیی ژمارە 27ی ساڵی 2016 و یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان کە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە دەیانگرێتەوە.
هەرسێ پرۆژەکە لە دانیشتنی رۆژی 21ی کانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق بە یەک پاکێج پەسند کران.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شەوی سێشەممە 04-02-2025 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەو راگرتنە "مافێکی دەستووریی دادگەیە و رێڕەوێکی یاساییە لەنێو پڕۆسەی دیموکراسیدا."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەخنەی لەو لایەنانەش گرت کە رەخنە لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەگرن، بە هەوڵێک بۆ "زیانگەیاندن بە ناوبانگی" دادگەکە ناوی دەبات.
پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و سەلاحەدین پشووی فەرمییان راگەیاند، ئەوەش وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر دەرکردنی فەرمانی وەلائی تایبەت بە یاسای لێبووردنی گشتی لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، دادگە مافی ئەوەی هەیە وردبینی لەو سەرپێچییانە بکات لە کاتی پەسندکردنی پڕۆژەیاساکاندا روودەدەن، لەوانە نەبوونی رێژەی یاسایی و دەنگدان لەسەر سێ یاسا بە یەک پاکێج.
هاوپەیمانییە شیعەکە ئەوەی بە "پێشینەیەکی مەترسیدار و سەرپێچییەکی روون" ناوبردووە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی پابەندبوونی خۆی بە بەرنامەی وەزاریی حکومەت و رێککەوتنی سیاسی دووپاتکردووەتەوە، داوای رێزگرتنی لە سەروەریی یاسا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کردووە.
ئەو بڕیارەی دادگەی باڵای فیدراڵی کاردانەوەی تووندی لایەنە سوننەکانی لێکەوتەوە، کە داوای جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ