رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە دامەزراوەى شەهیدانى عێراق رایگەیاند؛ لە کەرکووک و هەرێمى کوردستان پشکنینى ( DNA)یان بۆ کەسوکارى بێشەروشوێنى پێشمەرگە کردووە بۆ یەکلاکرنەوەى ناسنامەى ئەو 17 روفاتەى لە گۆڕێکى بەکۆمەڵدا لە حەویجە دۆزرانەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ى ئادارى 2025، زیا کەریم، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە دامەزراوەى شەهیدانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تیمەکانیان پشکنینى DNAیان بۆ کەسوکارى بێسەروشوێنانى پێشمەرگە کردووە بۆ ئەوەى بەراورد بکرێن لەگەڵ ئەنجامى پشکنینى ئەو 17 روفاتەى کە لە گۆڕێکى بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە.
13ـی شوباتی 2025 ، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فەرمانگەی دادپزیشکیی عێراق دۆزینەوەى گۆڕێکى بەکۆمەڵەی پێشمەرگەیان لە حەویجە راگەیاند.
زیا کەریم گوتى: "تیمەکانمان 21 رۆژ لە هەرێمى کوردستان و هەفتەیەک لە کەرکووک بوون بۆ ئەوەى پشکنینى ( DNA) وەربگرن و کارەکانیان تەواو بووە".
زیاتر لە 121 گۆڕى بە کۆمەڵى سەردەمى دەسەڵاتى رێکخراوى داعش دۆزراونەتەوە، کە زۆرینەیان لە سنوورى نەینەوا و کەرکووکن، بەڵام تەنیا 51 گۆڕى بەکۆمەڵیان هەڵدراونەتەوە.
بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە دامەزراوەى شەهیدانى عێراق گوتى: "هەمان پشکنین لە کەسوکارى بێسەروشوێنانى حەشدی شەعبیش وەرگیراوە و دادپزیشکى و دادگە ناسنامەکانیان یەکلادەکاتەوە و چاوەڕێى بڕیارى ئەوان دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ