داوا لە سوودانی دەکرێت کێشەی پێناسی گومرگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات

04-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانیی عێراق لە پەرلەمانی عێراق هۆشداری لە بەتاڵبوونی کۆگاکانی کەرکووک دەدات و داوا لە محەممەد شیاع سوودانی دەکات کێشەی پێناسی گومرگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات. 
 
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانیی عێراق و نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، شەوی رابردوو لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی دا پەیامێکی بڵاوکردەوە.
 
ئەرشەد ساڵحی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "پەیامێکی تایبەت بۆ رای گشتیی عێراق و بەڕێز سەرۆکوەزیران؛ بازرگانانی عێراق بەگشتی، لەنێویاندا بازرگانانی کەرکووک و موسڵ بە پلەی یەکەم، بوونەتە قوربانی ناکۆکی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی".
 
ئەرشەد ساڵحی باس لەوە دەکات کە "هەموو کۆگاکانی پارێزگای کەرکووک و موسڵ بەتاڵ دەبن، چونکە کاڵای هاوردەکراو کە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە تورکیا و دەروازەی باوە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێ، تەواو دەبێ".
 
سەرۆکی فراکیسیۆنی بەرەی تورکمانیی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، کاتێک لە بەرپرسانی گومرگەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی عێراق دەپرسێت، وەڵامی ئەوان ئەمەیە: "پرسیارمان لێ مەکەن؛ ئێوە نوێنەرن و بڕۆن لە حکومەتی هەرێم بپرسن. باشە دەبێت من لە حکومەتی هەرێم بپرسم یان دەبێت ئێوە بپرسن؟ ئەمە ئەرکی حکومەتە".
 
پەرلەمانتارەکەی کەرکووک دەڵێت: "تکاتان لێ دەکەم بازاڕ لە مەترسیدایە و هیچ کاڵایەکی هاوردەکراو لە بازاڕ نامێنێت. تکایە ئەگەر کاڵای نێوخۆیی هەیە لەبری هاوردەکراو، ئەوا زۆر باشە. من لە پاڵپشتیکارانی بەرهەمی نێوخۆییم، بەڵام ئەم بەرهەمانە لە دەرەوەی عێراقەوە دێن؛ تکاتان لێ دەکەم هاووڵاتیی سادە لەمە دوور بخەنەوە کە زیانمەندە لە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئیدی کێشە بەسە".
 
لە نێوەڕاستی مانگی نیسانی ئەم ساڵەوە، دوای چەند جارێک رێگەدان و رێککەوتنی کاتی، رێگەدان بە بەشێک لە بارە هاوردەکراوەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق راگیراوە، ئەوەش بە هۆکاری چەند مەرجێکی عێراق بۆ بازرگانان.
 
بەگوێرەی بڕیاری حکومەتی عێراق، بازرگانانی هەرێمی کوردستان کە کاڵا هاوردە دەکەن، دەبێت لە 72 کاژێردا هەموویان بگەیێننە نێوەڕاست و خوارووی عێراق.
 
سیل، قوفڵێکە لەو بارانە دەدرێت لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە لەگەڵ تورکیا و کۆمارى ئیسلامیی ئێران هاوردەدەکرێن و نابێت بکرێنەوە تاوەکو دەگەنە بازگەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى؛ پێویستیشە لە 72 کاژێر بگەیێندرێنە ئەو بازگانە.
 
پێشتر کە بازرگانانی هەرێمی کوردستان شتومەکیان هاوردە دەکرد، لە کۆگەیەک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دایاندەنا و بەش بەش هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیان دەکرد، بەڵام ئێستا دەبێت لەگەڵ گەیشتنیدا بە کیو ئاڕ کۆد و قوفڵی تایبەتەوە بیگەیێننە بازگەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ ئەوەی رێگەی بردنی هەموو بارەکەیان پێکەوە پێ بدەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە