کۆمیسیۆن بۆ رووداو: تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانێتییەکان درێژکرایەوە

04-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانێتییەکانی درێژکردەوە و گوتەبێژەکەی دەڵێت، پێنج هاوپەیمانیی نوێ تۆمارکراون و 80 پارت خواستی بەشداریکردنیان دەربڕیوە.
 
جومانه غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی ئایاری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا تۆمارکردنی پارت، هاوپەیمانێتی و لیستە سەربەخۆکان تاوەکو کۆتایی دەوامی رۆژی 14ی ئەم مانگە درێژ بکرێتەوە. 
 
کۆمیسیۆن لە 15ی نیسانەوە دەرگای تۆمارکردنی پارت، هاوپەیمانێتی و لیستە سەربەخۆکانی کردەوە؛ ئەمڕۆ دوایین وادەبوو.
 
گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا پێنج هاوپەیمانیی نوێ تۆمارکراون، 80 پارت خواستی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن دەربڕیوە و 70 پارتیش لە پرۆسەی دامەزراندندان و 330 پارتی تۆمارکراویش لە کۆمیسیۆن هەن.
 
بەگوتەی جومانه غەلای، لە رابردوودا زیاتر لە 60 هاوپەیمانی تۆمارکراون و ئەگەر دەیانەوێت بەشداری هەڵبژاردن بکەن، دەبێت سەردانی کۆمیسیۆن بکەن و داتا و زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە.
 
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە