رێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق چین؟

05-01-2026
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، هەر بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار مەرجەکانی تێدانەبێت دوور دەخرێتەوە و دەشڵێت، دەبێت لە ماوەی 30 رۆژ لە دوای یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان عێراق سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت. 
 
د. ئەوس حەیانی، راوێژکاری پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی فۆڕمی پێشکێشکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق تەواو بوو،  81 کەس خۆیان بەربژێر کردووە. لە فەرمانگەی یاسایی پەرلەمان فۆڕمیان پێشکێش کردووە. 
 
د. ئەوس حەیانی، روونیکردەوە، دواتر پرۆسەی وردبینی لەناوی بەربژێرەکان دەستپێدەکات، هەر بەربژێرێک مەرجەکانی تێدا نەبێت دووردەخرێتەوە.
 
بە گوتەی ئەو راوێژکارەی پەرلەمان، دوای تەواوبوونی وردبینی لە سیڤیی بەربژێرەکان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دیاریدەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کە بەگوێرەی دەستووری عێراق نابێت کاتەی لە 30 رۆژ دوای بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان تێپەڕێت.
 
یەکەم دانیشتنی پەرلەمان رۆژی 29-12-2025 بەڕێوەچوو.  
 
بەگوێرەی مادەی 70 لە دەستووری عێراق، پەرلەمانی عێراق لە نێوان بەربژێرەکان سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەی دوو لەسەرسێ 3/2 ی دەنگی ئەندامەکانی. هەروەها ئەگەر هیچکام لە بەربژێرەکان دەنگی زۆرینەی پێویستی بەدەست نەهێنا، ئەوا کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرە دەکرێت کە زۆرترین دەنگیان هێناوە، ئەو کەسەش زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا لە دەنگدانی دووەمدا دەبێت بە سەرۆککۆمار. 
 
دوای سێ رۆژ، ئەمڕۆ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی  سەرۆککۆماری عێراق داخرا و 81 کەس خۆیان بەربژێر کردووە،  بەگوێرەی بەدواچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، 33 لە بەربژێرەکان کوردن. 
 
لە دەستووردا چۆن باسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کراوە؟
 
مادەی 68
 
پێویستە بەربژێر بۆ سەرۆککۆمار ئەم مەرجانەی تێدابێت:
یەکەم: لە عێراق لە دایکبووبێت و دایک و باوکی عێراقی بن.
دووەم: لێهاتوویی تەواوی هەبێت و تەمەنی چل ساڵی تەواو کردبێت.
سێیەم: ناوبانگێکی باش و شارەزایی سیاسی هەبێت و بە پاکێتی و سەرڕاست و  دڵسۆز بۆ نیشتمان ناسراوبێت.
 
چوارەم: حکوم نەدرابێت بە تاوانێک کە لەکەداری بکات.
 
مادەی 69
 
یەکەم: بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەگوێرەی یاسا رێکدەخرێت.
دووەم: هەڵبژاردنی جێگرێک یان زیاتر بۆ سەرۆککۆمار بەگوێرەی یاسا رێکدەخرێت.
 
مادەی 70
 
یەکەم: ئەنجوومەنی نوێنەران لە نێوان بەربژێرەکان سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەی دوو لەسەرسێ 3/2 ی دەنگی ئەندامەکانی.
 
دووەم: ئەگەر هیچکام لە بەربژێرەکان دەنگی زۆرینەی پێویستی بەدەست نەهێنا، ئەوا کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرە دەکرێت کە زۆرترین دەنگیان هێناوە، ئەو کەسەش زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا لە دەنگدانی دووەمدا دەبێت بە سەرۆککۆمار. 
 
مادەی 71
 
سەرۆککۆمار لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران سوێندی دەستووری دەخوات بەو شێوەی لە مادەی 50ی دەستووردا هاتووە.
 
مادەی 72
 
یەکەم: ماوەی سەرۆکایەتی کۆمار چوار ساڵە، دەکرێت تەنیا بۆ یەک جاری دیکە هەڵبژێردرێتەوە. 
 
دووەم:
 
ئەلیف: ماوەی کاری سەرککۆمار بە کۆتاییهاتنی خوولی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆتایی دیت.
بێ-  سەرۆککۆمار بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی تاوەکو دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی نوێ و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان، بەو مەرجەی سەرۆککۆماری نوێ هەڵببژێردرێت لەماوەی سێ (30) رۆژ لە رێککەوتنی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە.
 
جیم- ئەگەر سەرۆککۆمار لەبەر هەر هۆیەک بەتاڵ بوو، سەرۆکێکی دیکە هەڵدەبژێردرێت بۆ تەواوکردنی ئەوە ماوەیەی کە ماوە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار.
 
مادەی 76
 
سەرۆککۆمار بەربژێری ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانیەی زۆرترین ئەندامی هەیە رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی وەزیران لەماوەی پازدە رۆژ لە رێککەوتی هەڵبژاردن بە سەرۆککۆمار.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە