رووداو دیجیتاڵ
کوردێکی دیکە دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و ژمارەی ئەندامانی کورد لەو ئەنجوومەنە دەبێتە دوو کەس. بەگوتەی راوێژکارێکی پارێزگاری سەحەلاحەدین، رۆژی چوارشەممە سوێندنی یاسایی دەخوات.
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەڵاحەدین، لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی دووشەممە 5-1-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە 7-1-2026 تارا داودی، لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی سەڵاحەدین لە تکریت سوێندی یاسایی دەخوات و وەکو ئەندامی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەستبەکاردەبێت.
تارا جەلال حەمید رەشید داودی، وەکو بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023ـی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە سەلاحەدین، لەنێو لیستی "حەسمی وەتەنی" بە سەرۆکایەتیی سابت عەباسی خۆی بەربژێر کردبوو؛ ئەو کات زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی ژنە دەرنەچووەکان بەدەستهێنابوو.
دوای ئەوەی ئەشواق سالم حەسەن جبووری، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بووە پەرلەمانتاری عێراق، تارا داودی وەکو جێگرەوەی ئەو دەچێتە ئەنجوومەنەکە، چونکە لەنێو لیستەکەیدا زۆرترین دەنگی دەرنەچووەکانی بەدەستهێنابوو.
بەمەش ژمارەی ئەندامانی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین دەبێتە دوو کورد. ئەندامەکەی دیکە یاسین محەممەد عەلییە و لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
رۆژی 4-1-2026، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تارا داودیی وەکو ئەندامی نوێی ئەنجوومەنەکە لە شوێنی ئەشواق جبووری پەسند کرد.
کاوە شێخانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی 2009ـەوە ئەمە یەکەمجارە پارتی دیموکراتی کوردستان کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بەدەستبهێنێت. دوای ئەوەی پێشتر سێ ئەندامی لە ئەنجوومەنەکە هەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ