رووداو-هەولێر
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگ، سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ چوارشەممە 05-03-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کرا و تایبەت بوو بە لێپرسینەوە لە ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەن و 16 ئەندام ئامادە بوون. ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 29 ئەندامی هەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد حاسوود ئامادەنەبوو، بەڵام عەبدوڵڵا ئەسیل نوجەیفی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکەی کرد و ئەو پرسیارانەی خوێندەوە کە بۆی ئامادە کرابوون. ئەنجوومەنەکە بە تێکڕا بڕوای بە پرسیارەکان کرد. بەهۆی نەبوونی وەڵامیش، دەنگیان دا بەوەی باوەڕیان بە وەڵامەکانی ئەحمەد حاسودیش نییە. بەم شێوەیە دانیشتنی یەکەم کۆتاییهات.
هەر لەوبارەوە، شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەحمەد حاسوود لەسەر ساختەکردنی بڕوانامەکەی و ئەنجامدانی چەندان سەرپێچیی یاسایی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
نوێنەرەکەی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، زۆرینەیان لەنێو پارێزگای نەینەوا مسۆگەر کردووە، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە راستکردنەوە هەموو ئەو بڕيارانە دەکەن، کە پێشتر بەشێوەیەکی نایاسایی لە ئەنجوومەنەکە دەرکراون، لەوانەش عومەر مەولا لە پۆستی جێگری پارێزگاری نەینەوا دووردەخەنەوە، کە سەر بە رەیان کلدانییە.
عەبدوڵڵا نوجێفی رۆژی 17-02-2025 داواکاری لێپرسینەوەکەی پێشکێشکرد، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە 7 تەوەر دا 18 پرسیاری بۆ سەرۆکی ئەنجوومەن ئامادەکردبوو.
یەکەم تەوەری پرسیارەکان، پەیوەندی بە بڕوانامەی خوێندنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیە، پرسیار دەکات ئایا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هاوسەنگی بۆ بڕوانامەکەی کردووە؟ لەسەر چ بنەمایەک ناسناوی دکتۆر بەکاردەهێنێت لە مامەڵە فەرمییەکاندا؟ ئایا لایەنی تایبەتمەند لێکۆڵینەوەی لە راست و دروستی ئەو ناسناوە کردووە؟ ئایا بڕوانامەی ئەکادیمیان پێشکێشکردووە؟
تەوەرێکی دیکەی پرسیارەکان پەیوەندیی بەو سەرپێچییانەوە هەبووە، کە لە پەیڕەی نێوخۆ و میکانزمی بڕیار کردوونی، لەوانە لەسەر چ بنەما و میکانزمێک دەنگدان بە پەیڕەوی ناوخۆی داناوە، لەکاتێکدا لیژنەی راسپێردراو کارەکانی تەواو نەکردووە؟ بۆچی بەیەک پاکێج دەنگی لەسەر دراوە، بێ خوێندنەوەی بڕگە و گفتوگۆکردنی وردەکارییەکانییەوە؟
ئەحمەد دووبەردانی دەڵێت، بڕوانامە پزیشکییەکەی ئۆکراینای لە عێراق دانی پێدانەنراوە، بۆیە ئێستا بڕوانامەی شەشی ئامادەیی بەشی وێژەیی هەیە، بەو بڕوانامەش نابێت سەرۆکی ئەنجوومەن بێت.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن، سەرۆکی ئەنجوومەن "بڕوانامەی پۆلی شەشی ئامادەیی وێژەیی هەیە، کەچی چووەتە ئۆکراینا بڕوانامەی پزیشکی ددانی بەدەستهێناوە، ئێستا خۆی وەکو دکتۆر دەناسێنێت، ئەوەش پێچەوانەی بڕیار و رێنوێنییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقە، کە نابێت دەرچووی وێژەیی لە بەشی پزیشکی بخوێنێت. بڕوانامەکەشی بۆ هەموار نەکراوە و لە عێراق دانی پێدا نەنراوە."
تەوەرێکی دیکەی پرسیارەکان باس لەوە دەکات، بۆچی پابەندی بەرنامەی کاری ئەنجوومەن نەبووە، کە دانان و گۆڕینی 6 یەکەی کارگێڕی لەخۆگرتبوو، بەڵام بەبێ گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست، 14 یەکەی کارگێڕی دیکەی بۆ زیادکرا.
ئەحمەد حاسوود سەر بە هاوپەیمانیی عەقدی وەتەنییە کە لە لایەن فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی سەرۆکایەتی دەکرێت.
یەکى تەممووزى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکى 20 یەکەى کارگێڕی کرد، بەڵام هاوپەیمانیی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى، بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و لەدژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکان بە زۆرینەى دەنگى هاوپەیمانیی نەینەواى ئایندە کران.
پارێزگارى نەینەوا ئامادە نەبوو واژۆ لەسەر ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانە بکات و پێیوایە بە "نایاسایی" دەرکراون.
بۆیە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاى نەینەوا لەدژى ئەحمەد حاسوود، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای تۆمار کرد، پارێزگار داواى کردبوو بڕیارەکانى ژمارە 21 بۆ 40ـى کۆبوونەوەى ژمارە 14ـى ئەنجوومەنى پارێزگا بە "نادەستوورى" بناسێنرێن، کە تایبەت بوون بە لادان و هەڵبژاردنی ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەرانى ناحیە لە سنوورى پارێزگاکە.
بەڵام دوێنێ سێشەممە، 4ـى ئادارى 2025، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵاى پارێزگارى نەینەواى لەدژى گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى ئەو پارێزگایە رەتکردەوە، کە لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگاوە دەرکراوە، ئەو بڕیارانەى بە "دروست" زانى. دادگە بەبێ دادبینى بڕیاری دا.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو گۆڕانکارییانە سێ پۆستی بەرکەوتووە، ئەوانیش: قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنوونێ و وانکێ-ن.
دوێنێ سێشەممە، محەممەد کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە دواى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى، دەبێت پارێزگار بڕیاری ئەو گۆڕانکاییە کارگێڕییانە دەربکات، چونکە بەگوێرەى یاساى پارێزگاکان ئەو دادگەیە دواشوێنە کە بۆ تانەدان لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا پەناى بۆ ببرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ