عێراق
شارۆچکەی گورنە کە تێیدا رووبارەکانی دیجلە و فورات بەیەک دەگەن و دەڕژێنە شەتولعەرەبەوە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، تورکیا بەڵێنی داوە ئاوی زیاتر بەربداتەوە. ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "بەردانەوەی ئاوی دیجلە و فورات لەلایەن تورکیاوە کەمترە لە 300 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، لە کاتێکدا دەبوو 700 مەتر سێجا بێت."
ئەمڕۆ هەینی عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، "بە رێنوێنیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی، پەیوەندی لەگەڵ لایەنی تورکی ئەنجامدرا بۆ زیادکردنی ئاوی بەردراو لە رووبارەکانی دیجلە و فورات، بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی کەمئاوی و پاراستنی ژینگەی رووبارەکان."
عەون زیاب ئاماژەی بەوە کردووە، "لایەنی تورکی بەتەواوی لە قەیرانەکە تێگەیشت و بەڵێنی زیادکردنی بڕی ئاوی بەردراوی لە بەنداوەکانی تورکیاوە بۆ عێراق دا، ئەوەش لە چوارچێوەی هاوکاری هاوبەش و لێکگەیشتن و پەیوەندی باش لەگەڵ تورکیای دراوسێ."
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەشڵێت، "ئەم پەیوەندییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان دێت بۆ کەمکردنەوەی کەمیی قیرانی ئاو کە عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت، ئەوەش بەهۆی وشکەساڵیی تووندەوە کە ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی بەدەستییەوە دەناڵێنێت."
1ی تەممووزی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوای گەیاندنی زانیاری لەبارەی کاریگەرییەکانی کەمئاوی لە عێراق، تورکیا بڕیاری دا 420 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لە ئاوی رووباری دیجلە بەربداتەوە.
سائر جبووری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تورکیا چەندین جار بەڵێنی داوە و جێبەجێی ناکات. دوایینجار بەڵێنیان بە سەرۆکی پەرلەمان دا، بەڵام هیچمان نەبینی."
سائر جبووری گوتی، "لە وەرزی هاویندا پێویستمان بە سێ ملیار مەتر سێجا ئاوە کە تورکیا لە دیجلە و فوراتەوە بۆمان بەربداتەوە، بەڵام زۆر لەوە کەمترمان بۆ بەردەداتەوە. تورکیا خۆی نزیکەی 90 ملیار مەتر سێجا ئاوی کۆگاکراوی هەیە و هیچ کێشەیەکی کەمئاوی نییە."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "بەگوێرەی دوایین ئامار، بەردانەوەی ئاوی دیجلە و فورات لەلایەن تورکیاوە کەمترە لە 300 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، لە کاتێکدا دەبوو 700 مەتر سێجا بێت لە چرکەیەک."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ