رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق زیاتر لە 38 هەزار سەربازی عێراقیی دیلی جەنگی کوەیت خانەنشین دەکات، کە بە گوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، کوردیشیان تێدایە.
بە گوێرەی نووسراوێک کە رۆژی پێنجشەممە، 4ی کانوونی یەکەمی 2025، لەلایەن سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراقەوە دەرکراوە، بڕیاردراوە بە خانەنشینکردنی 38 هەزار و 229 سەربازی دیلى عێراقی جەنگی کەنداو لە ساڵی 1991 بە دیل گیراون، ناوەکان بە ئەبازەید عەبدولسادە دەستپێدەکات و بە ئازاد محەممەد ساڵح کۆتایی دێت.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئەو دیلانە دەبێت بەڵگەنامەی پێویستیان پێبێت کە بیسەلمێنێت لەو جەنگەدا دیل بوون و لەلایەن لیژنەیەکی سەر بە وەزارەتی بەرگری چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت".
بە گوێرەی نووسراوەکە، ئەو دیلانەی سوپای عێراق بەڵگەنامەی پێویستیان پێشکێش کردووە کە بیسەلمێنێت دیل بوون و لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوورەوە پاڵپشتی لە بەڵگەنامەکانیان کراوە.
سەگڤان سندی رایگەیاند، زیاتر لە 80 هەزار دیلی جەنگی کوەیت هەن کە کوردیشیان تێدایە و بە هاوشێوەی سەرباز و ئەفسەرانی ئێستای سوپا خانەنشین دەکرێن.
لە 2ی ئابی 1990، سوپای دەسەڵاتی پێشووی عێراق هێرشی کردە سەر کوەیت و داگیری کرد، دواتر لە 26ی شوباتی 1991 هێزەکانى هاوپەیمانان بە رابەرایەتیی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر سوپای عێراق و لە کوەیت دەریان کرد، کە بە جەنگی دووەمی کەنداو ناسراوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ