رێکارى نوێ بۆ گەڕاندنەوەى هاووڵاتیانى عێراق لە سعودیە و وڵاتانى دیکەى کەنداو دەگیرێتەبەر

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى دەرەوەى عێراق دەڵێ، رێکارى نوێ بۆ گەڕاندنەوەى هاووڵاتیانى لە سعودیە و وڵاتانى دیکەى کەنداو دەگیرێتەبەر و راستەوخۆ لە دەروازەى عەرعەر ڤیزەیان پێدەدرێت.
 
پێنجشەممە 5ى ئادارى 2026، وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکارى ئەو رێکارە نوێیەى بڵاوکردەوە. 
    
باڵیۆزخانەی عێراق لە ریاز رەزامەندیی دەسەڵاتدارانی سعودیەی وەرگرتووە بۆ ئاسانکاری لە پێدانی ڤیزە بۆ هاووڵاتیانی عێراقی.
 
بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، ئەو رێکارە لە ئەنجامی پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە و گیرخواردنی ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی عێراقە لە وڵاتانی کەنداو کە پێویستی بەپەلەیان بە گەڕانەوەیە بۆ عێراق لە رێگەی خاکی سعودیەوە، بەتایبەتی لە رێگەی دەروازەی سنوورى عەرعەر.
  
دەروازەى عەرعەر سەرەکیترین دەروازەی سنوورى وشکانى نێوان سعودیە و عێراقە لە سنوورى پارێزگاى نەجەف. 
 
ئەوانەی لە وڵاتانی دیکەی دراوسێی سعودیەن، وەکو قەتەر و ئیمارات، بەپێی رێنماییەکان دەبێ بچنە سنووری سعودیە، لەوێ ئاسانکارییان بۆ دەکرێت تاوەکو بچنە نێو ئەو وڵاتە و پاشان خۆیان بگەیێننە عەرعەر و بگەڕێنەوە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
 وەزارەتى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، ئەو هەنگاوە رێگە بە هاووڵاتیان دەدات راستەوخۆ لە دەروازە سنوورییەکان ڤیزە وەربگرن، بێ ئەوەی پێویست بە میکانیزمی پێشوو بکات کە داواکارییەکان تەنیا لە رێگەی باڵیۆزخانەی عێراق لە ریاز پێشکێش دەکران.
 
ئەو وەزارەتە داواى لەو هاووڵاتییە عێراقییانەش کردووە کە ئارەزووی چوونە نێو سعودیە دەکەن، راستەوخۆ روو لە دەروازەی عەرعەر بکەن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزا بەپێی ئەو رێنماییانەی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان سعودیەوە پەیڕەو دەکرێن و ئەو ڤیزەیانە تەنیا بۆ مەبەستی گواستنەوە و گەڕانەوە دەدرێن و ڤیزەی عومرە یان سەردانیکردن ناگرێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە