رووداو دیجیتاڵ
ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا رایگەیاند، ئەوەی بوێریی سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی نییە لە دژی عێراق و ئێران و لوبنان، ناتوانێت بڕیار لەبارەی دیاریکردنی سەرۆکوەزیران لە وڵاتەکەیدا تێپەرێنێت.
ئەکرەم کەعبی، کە بزووتنەوەکەی یەکێکە لە گرووپە شیعەکانی عێراق و وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، ئەمڕۆ هەینی 6ی ئاداری 2026 پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئەکرەم کەعبی وەک خۆی دەڵێت پەیامەکەى بۆ "هەندێکە نەک هەمووان" و دەڵێت: "ئەوە بزانن، ئەو لایەنەی بوێریی ئەوەی نییە سەرکۆنەی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بکات لە دژی عێراق و لوبنان و ئێران، ناتوانێت بڕیار بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانى تێپەڕێنێت."
لە 28ی شوباتەوە هێرشیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، بەر لە شەڕەکە گرووپە چەکدارەکانی عێراق پاڵپشتی خۆیان بۆ ئێران راگەیاند، دوای دەستپێکردنی هێرشەکەش، بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ.
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا دەڵێت: "مەیدانەکە بۆ ئەو کەسانە دەمێنێتەوە کە لە مەیداندا پارشێو دەکەن."
کەعبی بەبێ ئەوەی ناوی کەس بهێنێت دەشڵێت: "لەبری ئەوەی بە ترسنۆکییەوە بوەستێت، باشترە بێدەنگ بێت و پشوو بدات و نانەکەی لە ماڵەوە بخوات؛ بەر لەوەی دەنگ هەڵببڕێت، دەبوو سەروەریی تاڵانکراو بگەڕێنێتەوە."
بزووتنەوەی نوجەبا یەکێکە لە گرووپە شیعەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەشێکن لە گرووپی موقاوەمەی ئیسلامى لە عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ