خەمیس خەنجەر: هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنێکی مەترسیداری لۆژیکی دەوڵەتە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
خەمیس خەنجەر، سیاسەتڤانی سوننەی عێراق رایگەیاند ئەو هێرشانەی لە ناو خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی، پێشێلکارییەکی مەترسیداری لۆژیکی دەوڵەتە و عێراقییەکان ئامادە نین جارێکی دیکە وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
 
خەمیس خەنجەر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەرژەوەندیی باڵای عێراق ئەوە دەخوازێت کە هەڵوێستێکی نیشتمانیی بەپەلە و بەرپرسیارانە هەبێت بۆ رێگری لەوەی عێراق لەو جەنگەی ئێستاوە تێوەبگلێت و دەڵێت: "ئەوە جەنگی عێراق و هیچ عێراقییەک نییە".
 
خەمیس خەنجەر دەڵێت: جەنگ بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ عێراقی ماندوو کردووە و عێراقییەکان ئامادە نین جارێکی دیکە وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا." 
 
سەرۆکی پێشووی پارتی سەروەری، جەخت لەسەر بۆچوونی حیزبەکەی کردەوە، ئەویش ئەوەیە کە "چەک تەنیا بە دەست دەوڵەتەوە بێت و کۆتایی بە چەکی نایاسایی بهێنرێت کە دەستی بەسەر بڕیاری سەروەریی عێراقدا گرتووە؛ مانەوەی ئەو گرووپانە لە رووی کردارییەوە بە واتای ئەوەیە بڕیاری جەنگ و ئاشتی لە دەرەوەی دامەزراوە دەستوورییەکانە."
 
لە 28ی شوباتەوە جەنگ لە نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە دەستیپێکردووە و لە ناوخۆدا گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ.
 
خەمیس خەنجەر گوتی: "ئەو هێرشانەی کە لە ناو خاکی عێراقەوە بە درۆن و مووشەک لە دژی وڵاتانی عەرەبیی دراوسێ یان هەرێمی کوردستان دەکرێن، پێشێلکارییەکی مەترسیداری لۆژیکی دەوڵەتە و وڵات رووبەڕووی پشێویی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی مەترسیدار دەکاتەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە