رووداو دیجیتاڵ
لایەنە سوننەکان تاوەکو ئێستا لەسەر بەربژێرەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رێکنەکەوتوون، دوو بەربژێریان هەیە، ئەگەر بە سازان رێکنەکەوتن، بەگوێرەى خاڵى لیستە پێکهێنەرەکانى ئەنجوومەنى سیاسى نیشتمانى دەبێت.
لە یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى سیاسیى نیشتمانیی سوننەکاندا، کە 4ى کانوونى یەکەم کرا، لەسەر پەڕەی تێڕوانینیان بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناخى داهاتوو رێککەوتن، بەبێ ئەوەى بەربژێریان بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان یەکلا بکەنەوە.
عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا بەربژێرێک دیاری نەکراوە لەنێو هێزە سوننەکان بۆئەوەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان وەربگرێت."
ئەنجوومەنى سیاسیى نیشتمانی شوێنی یەکلاکردنەوەى بەربژێری ئەو پۆستەیە، کە لە 5 لایەن پێکهاتووە و زیاتر لە 70 کورسیى پەرلەمانییان لە هەڵبژاردنی 11ى تشرینی دووەمى ئەم ساڵ بەدەستهێناوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، کە لە لایەنە سوننەکانەوە دەستى کەوتووە، پێکهێنەرانی ئەنجوومەنى سیاسی بڕیاریان داوە سەرەتا پەنا بۆ سازانی نێوانیان ببەن بۆ یەکلاکردنەوەى بەربژێری سەرۆکى پەرلەمان، کە بەر کام لایەن دەکەوێت و کێ ئەو پۆستە وەردەگرێت، ئەگەر لەسەر ئەو رێکارە رێکنەکەوتن، پەنا بۆ خاڵ دەبرێت لە دابەشکردنی پۆستەکان، لە سەرۆکى پەرلەمانەوە تاوەکو ئەو وەزارەتانەى لە حکومەتى نوێ بەریان دەکەوێت.
عەزام حەمدانى گوتى، "رێککەوتنى هێزە سوننەکان وایە کە ئەو کەسەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان وەردەگرێت، دەبێت لە ریزى یەکەمی سەرکردایەتیی ئەو لایەنانە بێت و لەو بارەیەوە لەگەڵ کورد و شیعە گفتوگۆ بکرێت."
دوای پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکەن، ئەویش هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە، کە دواتر سەرۆککۆمار بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ