رووداو دیجیتاڵ
دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن، د. ئەشواق جاف، بەربژێری سەرکەوتوو بۆ پەرلەمانی عێراق، پۆستی باڵیۆزی وەرگرتووە بۆیە ناچێتە پەرلەمان.
ئەشواق نەجمەدین عەباس محەممەد جاف، لەدایکبووی 1972 یەکێک بوو لە دەرچووانی فراکسیۆنی پارتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە دوو پەرلەمانتاری حیزبەکە بە رووداویان گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ د. ئەشواق نەهاتووەتە پەرلەمان سوێندی یاسایی نەخواردووە".
بە گوتەی پەرلەمانتارەکانی پارتی، ئەشواق جاف بە هۆی ئەوەی دەبێتە باڵیۆزی عێراق لە یەکێک لە وڵاتانی دەرەوە، ناچێتە پەرلەمانی عێراق و بەگوێرەی ریزبەندی کەسێکی دیکەی فراکسیۆنەکەی دەخرێتە جێگەی.
پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت: "دوای زیاتر لە 10 ساڵ دەنگدان بۆ کۆمەڵێک باڵیۆزی نوێی عێراق کرا و د. ئەشواق وەکو باڵیۆز رێکارەکانی تەواو کرد، ئەگەر نەچێت ئەوە کورد پۆستێکی گرنگی لەدەست دەردەچێت، ئەوەش فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانییە و پۆستەکە نابێت لەدەست بچێت".
ئەو کەسەی ناوی دەهێندرێت بچێتە شوێنی ئەشواق جاف لە فراکسیۆنی پارتی، د. نەزاکەت حوسێنە.
لەبارەی دەنگۆکانەوە نەزاکەت حوسێن بە رووداوی گوت: "دووەم دەنگی دوای دکتۆرە ئەشواق منم، کە 2 هەزار و 160 دەنگم بەدەستهێناوە، بەڵام هیچم پێ نەگوتراوە بە فەرمی و بە نافەرمی، کە د. ئەشواق ناچێتە پەرلەمان و من دەچمە جێگەکەی".
26ی ئابی 2025 پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 93 باڵیۆزی نوێ بەخشی، 19 یان کورد بوون و یەکێک لەوان ئەشواق جاف بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ