ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان: بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، هێز و پاڵپشتیی دەستووریان هەیە و پابەندکەرن

06-02-2025
شیراز رەئوف
 د. دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ
د. دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بەپێی دەستوور؛ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی پابەندکەرن و فەرمانسالاری دادگەکەش بۆ راگرتنی یاساکانی گەڕانەوەی موڵک و لێبووردنی گشتیی و باری کەسیێتی، پاڵپشتیی دەستووری هەیە. دەشڵێت، ئەنجوومەنی دادوەری، ناتوانێت رێگری لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بکات.
 
5 تانە لە یاساکانی گەڕانەوەی موڵک و لێبووردنی گشتیی و باری کەسیێتیی دراون، کە داوا لە دادگەی فیدراڵی کراوە کارکردن بەو یاسایانە رابگرێت.
 
د. دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی "تێبینییەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەبارەی دادگەی فیدراڵی یاسایی و دروستن، بەتایبەتی کە ئەم یاسایانە نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە تاوەکو رابگیرێن، بەڵام دەستوور مافی بە دادگەی فیدراڵی داوە کە فەرمانسالاری بۆ یاساکان دەربکات و لەم دۆخەی ئێستاش دا، هەمووان ناچارن پابەند بن بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بە ئەنجوومەنی دادوەریشەوە."
 
د. دارا سێکانیانی گوتی "پێشتریش دادگەی فیدراڵی چەند جارێک فەرمانسالاری بۆ بڕیار و یاساکان دەرکردووە، سەرجەم فەرمانسالارییەکانیشی پاڵپشتیی دەستوورییان هەبووە و جێبەجێ کراون، ئەم فەرمانسالارییەشی بۆ سێ یاساکە، بە هەمان شێوە دەستوورییە و هەمووان پابەند دەکات." 
 
رۆژی چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی دایەوە و رایگەیاند "بەگوێرەی مادەی 94ـی دەستووری کۆماری عێراق، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی یەکلاکەرەوە و پابەندکەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەکان بەگشتی." ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتبووی ئەو بڕیارە وەلائییەی دادگەی فیدراڵی بۆ راگرتنی سێ یاساکە دەریکردووە، "پێچەوانەی دەقی پەیڕەوی ناوخۆی دادگەی فیدراڵییە.
 
سەردانەکەی تاران
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ د. دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە هاوکات ئەندامی شاندی ئەنجوومەنی نوێنەران بوو بۆ سەردانی تاران و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتی "سەردانی سەرۆک و شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاران لەسەر بانگهێشتی ئەنجوومەنی شوورای کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە."
 
رۆژی یەکشەممە، 2-2-2025 شاندێکی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چووە تاران، ئەمە یەکەم سەردانی مەشهەدانی بوو دوای وەرگرتنی پۆستەکەی بۆ دەرەوەی وڵات، لەو سەردانەش دا کە دوو رۆژی خایاند، سەرۆک و شاندی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا و نوێنەری رێبەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی کۆبوونەوە.
 
لەبارەی ئامانجی سەردانەکە، سێکانیانی گوتی "بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بوو، بەتایبەتی بابەتەکانی پەیوەست بە سنوور و هاوئاهەنگییەکانی نێوان تاران و بەغدا، بەڵام دۆخی سووریا بەشێکی سەرەکیی گفتوگۆکان بوو."
 
د. دارا سێکانیانی ئاماژەی بە هەڵوێستی ئێرانییەکان لەبارەی دۆخی سووریا کرد و گوتی، "بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێیان وابوو دۆخی سووریا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی عێراق و ئێرانیش هەیە، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەش بە هەمانشێوە، بەڵام روانینی عێراق بۆ دۆخی سووریا جیاوازە لە روانینی ئێران و، هەر لە رۆژەکانی سەرەتای رووداوەکانی ئەو وڵاتە؛ عێراق بە روون و راشکاوی روانینی خۆی بەرامبەر سووریای نوێ دەربڕیوە، کە ئەم بابەتە پەیوەندیی بە نێوخۆ و هاووڵاتییانی سووریاوە هەیە، لە تارانیش هەمان روانینی عێراقمان بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپاتکردەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە