وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ رووداو: مانگی داهاتوو کارەبای کەنداو دەگات

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند مانگی نیسانی داهاتوو یەکەم قۆناخی گواستنەوەی کارەبای کەنداو دەستپێدەکات، کە 500 مێگاواتە و ئەو گازەى لە ئێرانەوەى هاوردە دەکرێت کورتهێنانى هەیە.
 
هەینی 6ی ئاداری 2026، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵی کارەبای نێوان عێراق و کەنداو 95%ی تەواو بووەو ئێستا لە سەروبەندی کارپێکردندایە؛ قۆناخی یەکەمی لە مانگی نیسان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە 500 مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابین دەکات."
 
پەنابردنی عێراق بۆ وڵاتانی دیکە، جگە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هاوردەکردنی کارەبا، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوەیە لەسەر تاران و ئەو مامەڵە داراییانەی راستەوخۆ لەگەڵیان دەکرێت.
 
ئەحمەد مووسا رایگەیاند، ئەو هێڵەی کارەبای بەسرە کە بەستراوە، لەوپەڕی ئامادەییدایە بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت؛ هەروەها ئەو بڕە گازەشی کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هاوردەی دەکەن، کە شەش ملیۆن مەتر سێجایە، کورتهێنانی هەیە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر وێستگەکانی بەرهەمهێنان هەبووە.
 
دوای نزیکەی دوو مانگ لە راگرتنی، لە 26ی شوباتەوە هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق دەستی پێکردووەتەوە، کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
 
ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق نزیکەی 17 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا لە وەرزی گەرمادا پێویستی بە زیاتر لە 30 هەزار مێگاواتە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە