رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کاتی پێشکێشکردنی داواکاری بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا کۆتاییهات، لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 825 هەزار کەس داواکارییان پێشکێش کردووە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 12:00ی شەوی رابردوو پرۆسەی پێشکێشکردنی داواکاری کۆتاییهات. بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، زیاتر لە 825 هەزار کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان داواکارییان پێشکێش کردووە."
سەبارەت بە ئاماری هەرێمی کوردستان و کەرکووک، جومانە غەلای ئاماژەی بەوە کرد، 117 هەزار و 875 داواکاری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پێشکێش کراون، کە بەم شێوەیە دابەش بوون:
• هەولێر: 42,621 داواکاری
• سلێمانی: 43,299 داواکاری
• دهۆک: 31,955 داواکاری
هەروەها لە پارێزگای کەرکووک 46 هەزار و 469 کەس داواکارییان پێشکێش کردووە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن جەختی لەوەش کردەوە، کۆمیسیۆن تەنیا پێویستی بە نزیکەی 250 هەزار کارمەندە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی دەنگدان لە رۆژی هەڵبژاردندا. هەروەها رایگەیاند، دوا کات بۆ پێشکێشکردنی بەڵگەنامە پێویستەکان رۆژی یەکشەممە، 10ی ئابە و هەر کەسێک تاوەکو ئەو کاتە بەڵگەنامەکانی تەواو نەکات، داواکارییەکەی بە پووچەڵکراوە دادەنرێت.
جومانە غەلای ئاشکرای کرد، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، نزیکەی 8,788 ناوەندی دەنگدان و 40,819 وێستگەی دەنگدان لە سەرتاسەری عێراقدا دەبن، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ژمارانە کۆتایی نین و ئەگەری گۆڕانکارییان هەیە.
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320 کورسی گشتی و 9 کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە. بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراقدا مافی دەنگدانیان هەیە و زیاتر لە 21 ملیۆن کەسیان خاوەنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ