رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق داوا لە حەشدی شەعبی و پیاوانی ئایینی شیعە دەکات بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتی داهاتوو "لە ئەلفەوە تاوەکو یێ" لەسەر مێزی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکدێت و دەڵێت: "ئەگەر پاڵپشتی حەشدی شەعبی و موقاوەمەی ئیسلامی نەبوایە، سەرۆکوەزیران و حکومەتەکەی نەیدەتوانی لەسەر مێزی حکومڕانی دابنیشێت."
پێنجشەممە، 6ی تشرینی دووەمی 2025، ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق راگەیێنراوێکى لەبارەى هەڵبژاردن بڵاوکردەوەو داوای لە پیاوانی ئایینی و سەرۆک هۆز و حەشدی شەعبی کرد کە بە شێوەیەکی کارا لە هەڵبژاردن بەشداری بکەن و ئاماژەى بەوەدا کە ناکۆکی لەنێو یەک پێکهاتەدا چەند گەورە بێت لەژێر چەترێکی گەرەتیکاردا دەمێنێتەوە کە مەرجەعییەتە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ناکۆکی نێوان هێزە شیعەکان.
ئەبو حوسێن حەمیداوی دەڵێت: "حکومەتی داهاتوو لە ئەلفەوە هەتاوەکو یێ لەسەر مێزی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکدەهێنرێت بە پاڵپشتی موقاوەمەی ئیسلامی و حەشدی شەعبی."
کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراقی یەکێکە لە هێزە شیعەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران و پێکهێنەرێکى دەستەی حەشدی شەعبییە.
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی ئاماژە بەوە دەکات کە شیعە سێ ساڵ حکومڕانی کردووە وەک ئاماژەیەک بۆ حکومەتی ئێستا کە لە تشرینی یەکەمی 2022 پێکهێنرا، و دەڵێت: "بێگومان دەستکەوتەکانی بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و موقاوەمەی ئیسلامی و حەشدی شەعبی هەژمار دەکرێت. ئەگەر پاڵپشتی و پشتیوانی بێ سنووری ئەوان نەبووایە سەرۆکوەزیران و حکومەتەکەی لەسەر مێزی حکومڕانی و بەڕێوەبردن دانەدەنیشت."
ئەو لایەنە شیعەیە لە رێگەی لیستی حقوق بەشدارە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەم ئەنجام بدرێت.
ئەبو حوسێن حەمیداوی رایگەیاند: "ئیسرائیل و چەند دەوڵەتێکی دیکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی خۆپێشاندانەکانی تشرینیان کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ