ئاسایشى نیشتمانى رەتیدەکاتەوە هیچ کەسی لەسەر کڕینەوەی دەنگ بۆ بەربژێرێکى سوودانى دەستگیر کردبێت

12-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025
A+ A-
رووداو دیجیتال 
 
دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رەتیکردەوە تۆمەتباریان دەستگیرکردبێت بە تۆمەتی کڕینی دەنگی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی ئێستا بەربژێرە لە لیستەکەى محەممەد شیاع سوودانى.
 
ئەو رەتکردنەوەیەی دەزگەکە لە راگەیێنراوێکدا بوو کە یەکشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2025 بڵاویکردەوە.
 
دەزگەکە لە راگەیێنراوێکدا بەناوی ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق   رۆژی یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەممی 2025 رایگەیاند: "لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە ژمارەیەک تۆمەتبار بە کڕینەوەى دەنگ لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە بۆ بەرژەوەندیی یەکێک لە پەرلەمانتاران دەستگیرکراون، ئەوە راست نییە و بێ بنەمایە."
 
لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەو دەزگەیە ژمارەیەک تۆمەتباری دەستگیرکردووە بە تۆمەتی کڕینەوەی دەنگ بۆ جەبار کینانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق؛ کینانی ئێستا بەربژێری ریزبەندی دووەمی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە لە بەغدا کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکایەتی دەکات.
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت: "رێوشوێنی یاسایی لە دژی ئەو کەسانە دەگرینەبەر زیان بە ناو و نێوبانگ و دامەزراوە ئەمنییەکان دەگەیێنن".
 
رۆژی  4ـی تشرینی یەکەمی 2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، 46 کەسیان بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی هەزار و 841 کارتی دەنگدان لە چوار پارێزگای عێراق دەستگیرکردوون، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە هیچ کەسێک ناتوانێت بە کارتی ئەلیکترۆنی دەنگدەرێکی دیکە دەنگ بدات.
 
پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، حەسەن زایر، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "جگە لە خاوەنی کارتی بایۆمەتری دەنگدان کەسێکی دیکە لەبری ئەو ناتوانێت دەنگ بدات، بەهۆی ئەوەی لە دەنگدانی ئەلیکترۆنی پەیوەندییەکی سێ گۆشەیی لە نێوان دەنگدەر و ئامێری دەنگدان و کارتی بایۆمەتری هەیە، زانیاری و وێنە و پەنجەمۆری دەنگدەر لە ئامێرەکەدا هەیە و لەکاتی دەنگدان دەبێت هاوتا بن."
 
زیاتر لە 7 هەزار بەربژێر رکابەری دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. دەنگدانی تایبەتی ئەو هەڵبژاردنە رۆژێک بەر لە دەنگدانی گشتی دەکرێت و کارتی دەنگدانیشیان جیاوازە لە دەنگدانی گشتی.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت و بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەنگ دەدرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک زرێپۆشی سوپای عێراق

بەرگریی عێراق بۆ رووداو: سنوورەکانمان تووندوتۆڵن و چاودێریی دۆخی سووریا دەکەین

وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت، لە تووندوتۆڵکردنی سنوور بەردەوامن و ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکن بکرێتە سەر سنوور. لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییەی سووریاش ئاماژە بەوەش دەکات، چاودێریی دۆخەکە دەکەن.