رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی پارێزگەی نەینەوا دەڵێت، زیاتر لە 17 هەزار کەس لە پارێزگەکەی دادەمەزرێن و بەم نزیکانە پێشکێشکردن دەستپێدەکات.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگەی نەینەوا، رۆژی چوارشەممە 06-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 17 هەزار و 50 کەس لە پارێزگەی نەینەوا بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی فۆرمی پێشکێشکردنن و بڕیارە بەم نزیکانە ئامادەکارییەکان تەواوبن و دەرگەی پێشکێشکردن بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی بکرێتەوە.
یاریدەدەری پارێزگەی نەینەوا گوتی، ماوەی پێشکێشکردن یەک مانگە و دامەزراندنەکەش زۆربەی کەرتەکان دەگرێتەوە و بۆ ماوەی سێ ساڵە بە مووچەی مانگانەی 300 هەزار دینار؛ دامەزراندنەکەش بەو جۆرەیە کە 75% بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و 25% بۆ سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی دەبێت.
لەبارەی میکانیزمی دابەشکردنەکە بەگوێرەی شار و شارۆچکەکانی پارێزگەکە، رەفعەت سمۆ گوتی، دامەزراندنەکە هەموو قەزا و ناحیەکانی نەینەوا دەگرێتەوە و هەموو قەزا و ناحیەیەکیش بەپێی ژمارەی دانیشتووان پشکی لەو دامەزراندنە دەبێت.
ژمارەی دانیشتووانی پارێزگەی نەینەوا نزیکەی 4 ملیۆن و 100 هەزار کەسە؛ نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی پارێزگاکە کوردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ