لە نەینەوا 500 کەسی دیکە قەرەبووی مادەی 140 وەردەگرن

07-01-2026
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی مادەی 140 لە پارێزگای نەینەوا کاروانێکی دیکەی قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانی راگەیاند کە دەگاتە نزیکەی 500 چەکی قەرەبوو، بە گوتەی بەرپرسی نووسینگەکە 15 هەزار چەکی دیکەی قەرەبوو مامەڵەیان بۆ کراوە.

کاروانە نوێیەکەی چەکی قەرەبووکردنەوەی مادەی 140 لە نەینەوا رۆژی چوارشەممە، 7ی کانوونی دووەمی 2025، راگەیێنرا، کە 100 کەس دەبن.
 
هەردی خدر، بەرپرسی نووسینگەی ماددەی 140ی نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو چەکی قەرەبووانە بەشێکن لە کاروانی دووەمی قەرەبووکردنەوە کە لەم هەفتەیەدا 200 چەک راگەیێنراوە و بە تێکڕا 491 ئاوارە دەگرێتەوە و رۆژانە چەکەکانیان رادەگەیێنرێت."
 
یەکەم کاروانی قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانی مادەی 140 کە پێشتر راگەیێنراوە 175 کەس بووە، کە هەر یەکێکیان بڕی 10 ملیۆن دیناریان پێ دەدرێت.
 
ئەو ئاوارانە ئەوانەن کە لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەعەرەبکردن، زەوی و زاریان لێ داگیرکراوە و ئاوارە کراون و عەرەبی هاوردە هێنراوەتە شوێنەکانیان، کە زۆربەیان هاونیشتمانیی کوردن.
 
بەرپرسی نووسینگەی مادەی 140ی نەینەوا رایگەیاند کە هەندێک لەوانەی قەرەبووەکان عەرەبیشی گرتووەتەوە، هەر کەسێک کە ناوی رادەگەیێنرێت بۆ قەرەبووکردنەوە دەبێت لە ماوەی مانگێکدا چەکەکەى وەربگرێت، ئەگەرنا دەبێت بچێت بۆ نووسینگەی لیژنەی مادەی 140 لە بەغدا و لەوێ وەریبگرێت.
 
لە ساڵی 2013وە نووسینگەی لیژنەی مادەی 140 لە نەینەوا بەهۆی شەڕی داعش داخرابوو و لە مانگی ئاداری 2025 کرایەوە.
 
هەردی خدر رایگەیاند: "کۆی ئەوانەی لە سنووری نەینەوا مادەی 140 دەیانگرێتەوە 52 هەزار کەسن، 30 هەزاریان ماوە قەرەبوو بکرێنەوە و ئێستا مامەڵەی 15 هەزار کەس ئامادەیە کە چەکی بانکییان پێ بدرێت."
 
بەگوێرەی مادەی 140، هەر خێزانێکی ئاوارە 10 ملیۆن دینار و عەرەبی هاوردەش 20 ملیۆن دینار وەک قەرەبوو وەردەگرن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەقیل موفتن، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق

نووسینگەکەی بۆ رووداو: هیچ رەفتارێکی نەشیاو بەرامبەر سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق نەکراوە

نووسینگەی سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە، گوایە لە کاتی یارییەکی تۆپی پێدا، دیپلۆماتێکی باڵای ئەمریکا داوای لە عەقیل موفتن کردبێت یاریگەکە جێبهێڵێت. بەڕێوەبەری نووسینگەکە دەڵێت: "پێکەوە دانیشتوون و هیچ گرژییەک رووی نەداوە."