رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق ئامادەکاری دەکات شاندێکی باڵا بنێرێتە ئێران بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی گازی ئەو وڵاتە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، بەهۆی بڕینی گازەکەوە بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر لە پێنج هەزار مێگاوات کەمیکردووە.
رۆژی یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی کارەبا بەنیازە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێک رەوانەی ئێران بکات بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی گاز؛ چونکە بەهۆی بڕینی گازی ئێرانییەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی زیاتر لە 5 هەزار و 500 مێگاوات کەمیکردووە."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد، بەشێکی زۆری وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق بۆ بەگەڕخستنیان پشت بە گازی ئێران دەبەستن، بڕینی گازەکەش بووەتە هۆی پەککەوتنی بەشێک لە وێستگەکان و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تۆڕی نیشتمانی هەبووە.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای کارەبا، ئەحمەد موسا گوتی: "لەبەر ئەوەی ئێستا کەشوهەوا مامناوەندە، وەزارەت توانیویەتی تاڕادەیەک هاوسەنگیی کارەبا کۆنترۆڵ بکات، بەڵام هەر گۆڕانکارییەک لە پلەکانی گەرمادا کاریگەریی خراپی دەبێت و خواست لەسەر کارەبا زیاد دەکات."
لەبارەی ئامارەکانی بەرهەمهێنان و ئەو گوشارە گەورەیەی بۆ وەرزی هاوین چاوەڕوان دەکرێت، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا هۆشداری دا و رایگەیاند: "ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق نزیکەی 19 هەزار مێگاواتە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بۆ وەرزی هاوین خواست لەسەر بەکاربردنی کارەبا بگاتە 60 هەزار مێگاوات."
ئەمە لە کاتێکدایە بەگوتەی ئەحمەد موسا، پێشتر بەرزترین ئاستی خواست لەسەر کارەبا 54 هەزار مێگاوات بووە، بەڵام بۆ هاوینی داهاتوو شەش هەزار مێگاواتی دیکە زیاد دەکات، ئەمەش ئەرکی وەزارەتەکە لە دابینکردنی کارەبای بەردەوام قورستر دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ