چوار سکاڵا لەبارەی هەرێمى کوردستان تاوتوێ دەکرێن؛ 'پێبژاردنى هاتووچۆ رابگیرێت'

07-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە یەک رۆژدا تاوتوێى چوار سکاڵا دەکات، کە پەیوەندییان بە هەرێمى کوردستانەوە هەیە، ئەوانیش لە لابردنى مەرجەکانى فرەژنى، هەڵوەشاندنەوەى دوو وەزارەت و رێنماییەکانى تایبەت بە پێبژاردنى هاتووچۆ و رسوماتى مەرجى تووندوتۆڵى. 
 
ئەو چوار سکاڵایە  رۆژی سێشەممە، 11ى شوباتی 2025، تاوتوێ دەکرێن. پێشتر دووان لەو سکاڵایانە لە 23ى کانوونى یەکەمى 2024 و دووانەکەى دیکەیان لە 28ى کانوونى دووەمى 2025 دواخرابوون.
 
مەرجی فرەژنی
 
یەکێک لە سکاڵاکان تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەى چەند مەرجێکى فرەژنى، کە لە هەموارێکى یاساى بارى کەسى لە پەرلەمانى کوردستان کراوە. 
 
سکاڵاکە لەلایەن هاونیشتمانییەک تۆمار کراوە کە خۆى بە "زەرەرمەند" دەزانێت لە هەموارکردنەوەی یاساکە و داواى کردووە ئەو هەموارە هەڵبوەشێنرێتەوە.
 
سکاڵاکار داوا لە دادگەی فیدراڵی دەکات مادەى یەکەمى هەموارى یاساى بارى کەسیى ژمارە 15ى ساڵى 2008ى پەرلەمانى کوردستان بە نادەستووری بناسێنێت، بەو پێیەى بەگوێرەى سکاڵانامەکە، ئەو مادەیە پێچەوانەى بنەما جێگیرەکانى شەریعەتى ئیسلامە.
 
بەگوێرەى سکاڵانامەکە، ئەو کەسەى سکاڵاکەى کردووە هاوسەرگیرى دووەمى کردووە و هاوسەرى یەکەمى بە پشتبەستن بەو هەموارەى یاساکە لە دادگە داواى جیابوونەوەى کردووە.
 
ئاسۆ هاشم، یەکێک لە پارێزەرانى ئەو سکاڵایە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "11ى مانگ لە دادگەى فیدراڵى ئامادە دەبین و دادبینى دەکرێت، ئەو بەڵگەنامانەى پێویستن ئامادەمان کردوون و پێشکێشى دەکەین".
 
مادەى 7ى یاساى بارى کەسى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق کارى پێدەکرێت، تەنیا دوو مەرج هەیە بۆ ئەوەى هاووڵاتی ژنی دووەم بهێنێت کە بریتین لەوەی گەیشتبێتە تەمەنى 18 ساڵ و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات، بەڵام مەرجەکانى هاوسەرگیریى دووەم بە گوێرەى هەموارەکەى هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە دەبێت ژنى یەکەم لە دادگە رەزامەند بێت یان تووشى نەخۆشیى درێژخایەن بووبێت، پیاوەکە تواناى دارایی ئەوەى هەبێت زیاتر لە ژنێک بەخێو بکات.
 
بۆ ئەوەش دەبێت بەڵگەنامە پێشکێشی دادگە بکات، بەڵێننامەیەکیش بنووسێت کە دادوەر دەبێت لەنێوان ژنەکانیدا، ئەگەر ژنهێنانى دووەم پێچەوانەى مەرجەکان بێت سزا دەدرێت و دادوەریش تواناى راگرتنى ئەو سزایانەى نییە، کە بەندکردنە تاوەکو ساڵێک لەگەڵ پێبژاردن بە بڕى 10 ملیۆن دینار.
 
هەڵوەشاندنەوەى دوو وەزارەت
 
هەمان رۆژ دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق تاوتوێى دوو سکاڵا دەکات، کە لەلایەن کەسێکەوە بەناوى خالید مستەفا حوسێن تۆمارکراون و تێیدا داواى هەڵوەشاندنەوەى هەردوو وەزارەتى شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و ئەوقاف و کاروبارى ئایینى هەرێمى کوردستان کراوە.
 
لە یەکێک لە سکاڵاکاندا داواکراوە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى هەڵبوەشێندرێتەوە، بەوپێیەى دژى پێنج مادەى دەستوورى عێراقە و لە برى ئەو وەزارەتە، وەقف بۆ پێکهاتەکان دروست بکرێن، کە لە رووى کارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆ بن و ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە.
 
یاساى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینیى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان دەرکراوە، سکاڵاکار داوا دەکات ئەو یاسایە بە نادەستوورى هەژمار بکرێت، پەرلەمان ناچار بکرێت دیوان بۆ ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان پێکبهێنێت و ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە. 
 
بەگوێرەى بڕگەکانى یەکەم و سێیەمى مادەى 103ی دەستوور، وەقفەکان دەستەى سەربەخۆن لە رووى دارایی و کارگێڕییەوە و دەبێت ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە.
 
سکاڵاکەى دیکە داوا دەکات دادگەى باڵاى فیدراڵى وەزارەتى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى بزانێت، کە بەگوێرەى یاسای ژمارە 8ى ساڵى 2006 پێکهێنراوە. پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان ناچار بکرێن دەستەیەک بە ناوى دامەزراوەى شەهیدان پێکبهێنن، کە سەر بە ئەنجوومەنى وەزیران بێت و لە رووى دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆ بێت و یاسایەکى بۆ دەربکرێت. 
 
بەگوێرەى سکاڵانامەکە کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، سکاڵاکار پشتی بە سێ مادەى دەستوورى عێراق بەستووە، لەوانە: مادەى 104 کە باس لەوە دەکات دەستەیەک بە ناوى دامەزراوەى شەهیدان پێکبهێنرێت و دەستەکە بەسترابێتەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە. 
 
لەو سکاڵایەدا داوا کراوە کە وشەى 'ئەنفالکراوان' لەو دەستەیە یان وەزارەتەکەى ئێستا لابدرێت، بەو پێیەى بەگوێرەى سکاڵاکە "وشەکە لە قورئاندا هاتووە و پێچەوانەى حوکمەکانى ئایینى ئیسلامە."
 
یەکەم دانیشتنى دادگەى باڵاى فیدراڵى لەسەر ئەو دوو سکاڵایە لە 23ى کانوونى یەکەمى 2024 کرا و لەسەر داواى نوێنەرى یاسایی پەرلەمانى کوردستان دواخرا.
 
پێبژاردنى هاتووچۆ رابگیرێت
 
سکاڵاى چوارەم لە دژى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى ناوخۆ تۆمارکراوە، کە تایبەتە بە پێبژاردنى سەرپێچییەکانى هاتووچۆ و پارەى پشکنینى ئۆتۆمبێل و پێبژاردنى تیژڕۆیی. 
 
لەو سکاڵایەدا داوا کراوە سەرپشککردنى وەزیرى ناوخۆ بە زیادکردن یان کەمکردنەوەى رسومات و پێبژاردنى هاتووچۆ بەگوێرەى فەرمانى ژمارە 86 دەسەڵاتى ئیئتلاف لە 2004 بە نادەستوورى بناسێنێت. 
 
هەروەها سکاڵاکار داواى کردووە ئەو رسوماتە هەڵبوەشێنرێتەوە، کە هاووڵاتیان لە هەرێمى کوردستان دەیدەنە کۆمپانیاکانى مەرجى تووندوتۆڵى، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەى ئەو پێبژاردنانەى تیژڕۆیی ئۆتۆمبێل، کە لەسەر رێگەیەکى دیاریکراو و لە یەک رۆژدا دووبارە ببێتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە