رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ قەیرانێکی بەنزین لە وڵاتدا هەبێت و رایدەگەیێنێت، تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانە 30 ملیۆن لیترە و زیاتر لە 135 ملیۆن لیتر بەنزینیشیان وەک یەدەگ هەڵگرتووە.
رۆژی شەممە، 7ـی شوباتی 2026، ساحیب بەزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن وا بڵاوکراوەتەوە قەیرانی بەنزین هەیە، ئێمە گەلی عێراق دڵنیا دەکەینەوە هیچ قەیران لە ئارادا نییە، یەدەگی بەنزینمان 135 ملیۆن لیترە."
سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنان و بەکاربردن، گوتەبێژی وەزارەتی نەوت گوتی: "تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانە 30 ملیۆن لیترە، تێکڕای بەکاربردنی رۆژانەش کەمێک زیادی کردووە و گەیشتووەتە 33.5 ملیۆن لیتر؛ ئەوەش بەهۆی پشووەکان و زیادبوونی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان، چونکە رۆژانە هەزاران ئۆتۆمبێلی نوێ دێنە سەر شەقامەکان."
د. ساحیب بەزوون ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژانی داهاتوودا بەرهەمهێنانی بەنزین لە بەسرە جێگیرتر دەبێت و دەستدەکرێت بە بەرهەمهێنانی 4 ملیۆن لیتر بەنزینی (موحەسەن)ی ئۆکتان بەرز لە رۆژێکدا. گوتیشی: "دۆخەکە تەواو جێگیرە و ئەم زانیارییانە فەرمین و بۆ مانگی شوبات پەسندکراون."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی لەوە کردەوە کۆنترۆڵی هەموو بەرهەمە نەوتییەکانیان کردووە و فەرمانبەرانیان شەو و رۆژ کار دەکەن بۆ دابینکردنی سووتەمەنی و گوتی: "ئەگەر قەیرانێک هەبووایە، بە راشکاوی دەمانگوت، بەڵام هیچ قەیرانێک نییە تاوەکو باسی بکەین."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانی عێراق، زیاتر لە 7 ملیۆن ئۆتۆمبێل، لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ