رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڕەشەی سزادانی ئەو کەسانە دەکات کە کڕین و فرۆشتن بە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانەوە دەکەن.
لە بەشێک لە ماڵپەڕە هەواڵی و پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیادا هەواڵی کڕین و فرۆشتنی کارتی بایۆمەتری بڵاوبووەتەوە و باس لەوە دەکرێت، گوایە هەر کارتێک بە 50 تاوەکو 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامانج لەو کارە ساختەکارییە یان بێبەشکردنی دەنگدەرە لە دەنگدان. لە هەردوو بارەکەدا یاسا سزای داناوە. جگە لەوە، کارتی بایۆمەتری بەڵگەنامەیەکی فەرمییە و بۆیە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی خاوەن کارت و ئەو کەسەش کارتەکەی بەدەستهێناوە لە رێگەی کڕین، ئەگەر شتێکی وا هەبێت."
عیماد جەمیل گوتی: "کۆمیسیۆن رێوشوێنی تووند دەگرێتەبەر. ئەگەر ئەو کارە لەلایەن بەربژێری هەڵبژاردنەوە بکرێت، سزاکەی دەگاتە ئاستی دوورخستنەوە لە هەڵبژاردن و دادگەییکردن."
بە گوتەی سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن، "کڕینی کارتی بایۆمەتری بۆ ساختەکاری سوودی نییە، چونکە ئەوە کارتی ئەلیکترۆنییە و لەسەر وێنە و پەنجەمۆر کاردەکات، تەنیا لەلایەن خاوەنەکەیەوە دەتوانرێت بەکاربهێندرێ."
عیماد جەمیل رایگەیاند: "کڕین و فرۆشتنی ئەو کارتانە لێپرسینەوەی یاسایی بۆ هەردوولا دروست دەکات، بۆیە هۆشداری دەدەینە هاووڵاتییان کە ئەو کارتە نەفرۆشن، چونکە بەڵگەنامەیەکی فەرمییە و یاسا سزای لەسەر دادەنێت."
بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە 11ی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ