ژمارەی بەربژێرە دوورخراوەکان گەیشتە 765 کەس

07-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەی بەربژێرە دوورخراوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گەیشتە 765 کەس، کە 27ـیان دوای تانەگرتن گەڕێندراونەتەوە نێو لیستەکان.
 
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، تاوەکو رۆژی سێی ئەم مانگە، 765 بەربژێر دوورخراونەتەوە و 7685 بەربژێریش ماونەتەوە و رێگەیان پێدراوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن.
 
بەڵگەنامەکە هۆکارەکانی دوورخستنەوەی بەربژێرەکانی خستووەتەڕوو؛ زۆرترین ژمارەیان کە 350 بەربژێرن، بەهۆی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەرییەوە بووە. هەروەها 162 بەربژێر بەهۆی تۆمەتباربوون بە تاوان، 4 بەهۆی ساختەکاری و 15 بەربژێریش بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی دوورخراونەتەوە.
 
هۆکارەکانی دیکەی دوورخستنەوە بریتین لە:
 
• کشانەوە لە بەربژێربوون: 170 کەس
• کەموکوڕی لە بڕوانامەی خوێندن: 44 بەربژێر
• هۆکاری تایبەت بە پێکهاتەی کریستیان: 10 بەربژێر
• هۆکاری دیکە: 10 بەربژێر
 
هاوکات 27 بەربژێر دوای دوورخستنەوەیان، تانەیان لە بڕیارەکە داوە و دەستەی دادوەریی کۆمیسیۆن تانەکانی پەسند کردوون، بەوەش گەڕاونەتەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق،  یەکشەممە 7-9-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 750 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە هۆکاری جیاواز دوورخراونەتەوە، لەوانە رێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری (بەعسیبوون)، تاوان و گەندەڵی.
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 7900 کەس خۆیان بەربژێر کردبوو. کۆمیسیۆن ناوەکانی بۆ پشکنین رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، لەوانە وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستەی دەستپاکیی، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەڵگەی تاوانەکان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە. دواتر لەسەر بنەمای وەڵامی ئەو لایەنانە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار لەسەر پەسندکردن یان دوورخستنەوەی هەر بەربژێرێک دەدات. بەربژێرە دوورخراوەکەش مافی ئەوەی هەیە لە ماوەی سێ رۆژدا تانە لە بڕیارەکە بدات.
 
زیاتر لە 21 ملیۆن و 700 هەزار کەس ناویان تۆمارکراوە و مافی دەنگدانیان هەیە؛ لەو ژمارەیەش زیاتر لە 17 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێت. پەرلەمان لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و 9 کورسیشیان کۆتایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە