فوئاد حوسێن: بوونی داعش لە سنووری عێراق - سووریا جێگەی نیگەرانییە

08-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

 

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، جووڵەی داعش لە سنووری عێراق - سووریا جێگەی نیگەرانییە.
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، عێراق رێز لە خواستی خەڵکی سووریا دەگرێت و پەیوەندیشی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نوێی سووریا کردووە.
 
لەبارەی جووڵەی داعش لە سنوورەکانی عێراق و سووریا وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، جێگەی نیگەرانییە و رێکخراوەکەیشی بە "هەڕەشەیەکی ئەمنیی مەترسیدار" ناوبرد.
 
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، پێشهاتەکان لە سووریا کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە دەبێت.
 
رۆژی 7ی شوباتی 2025 لە شاری تانجەی مەغریب فوئاد حوسێن ئەو قسانەی لەگەڵ میدیای مەغریبی کردووە.
 
عەمید حەیدەر کەرخی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 08-02-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزەکانیان لەسەر سنووری سووریا بڵاوبوونەتەوە و رێکاری تووندیان گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە هەر دزە کردن و هەڕەشەیەک.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق، وێڕای دانانی کامێرای چاودێریی و گەرمی بین و تەلەبەندکردن و خەندەقە، پرۆسەی دانانی دیواری کۆنتریتی بەردەوامە. 
 
عەمید حەیدەر کەرخی دەشڵێت، مانگی رابردوو هێزەکانی پاسەوانی سنوور دانانی دیواری کۆنکرێتییان بە درێژایی 90 کیلۆمەتر لەسەر سنووری سووریا، لە شنگالەوە تاوەکو رەبیعە تەواوکرد.
 
عێراق و هەرێمی کوردستان 612 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق گوتی: "تێچووی دروستکردن و دانانی ئەم دیوارە کۆنکرێتییانە لەلایەن کارگەی خۆمانەوە بووە کە لە شنگال دایانمەزراندووە، نیوەی ئەو بڕەیە کە کۆمپانیاکان و بەڵێندەرەکان دەیکەن."
 
بەگوێرەی قسەکانی عەمید کەرخی، تائێستا زیاتر لە 260 کیلۆمەتر دیواری کۆنکریتی لەسەر سنووری عێراق - سووریا دانراوە و پلانیان هەیە درێژییەکەی بگەیێننە 400 کیلۆمەتر. 
 
هەروەها گوتی، تەواوکردنی ئەم 90 کیلۆمەترە بە تەواوی لە رێگەی هەوڵ و بازووی کارمەندەکانیانەوە بووە و بەردەوام دەبن لە دروستکردن و دانانی دیواری کۆنکریتی.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە