ئەندامێکی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە: تانە لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بدرێت ئاژاوە دروست دەبێت

08-02-2025
هێمن عەساف
دادگەی فیدراڵیی عێراق. وێنە: زیاد ئیسماعیل - رووداو
دادگەی فیدراڵیی عێراق. وێنە: زیاد ئیسماعیل - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە گەشبینە بە جێبەجێکردنی هەر سێ یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، لێبووردنی گشتی و باری کەسی کە بە فەرمانێکی دادگەی باڵای فیدراڵی راگیراون؛ دەشڵێت: "ناکۆکی بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان هۆکاری کێشەکەیە و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت چارەسەری دەکات". 
 
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە، لە کاتی بەشداریکردنی لە (رۆژی هیوا جەمال) باسی لە هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە عێراق کرد. 
 
ئەحمەد عیساوی رایگەیاند، ئەمڕۆ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە و لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیش گوتی: "فەرمانەکە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی یاساکان نایەت، بەڵکو بە واتای لێکۆڵینەوەی زیاتر دێت تاوەکو ئەو کاتەی بڕیاری دووەم دەدرێت."
 
ئەو ئەندامەی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە ئەوەشی خستەڕوو کە سەرجەم پێکهاتەکان لە هەر سێ یاساکە سوودمەند دەبن؛ گوتیشی، لە یاسای لێبووردنی گشتیدا رەوتی سەدریش زۆر سوودمەند دەبێت و یاساکە ئەندامە سزا دراوەکانی ئەوانیش دەگرێتەوە. 
 
ئەحمەد عیساوی گوتی: "هەرچی سیستمی داد و دادگەی باڵای فیدراڵییە کاتێک لەبارەی یاسا و بڕیارێک تانەیەکی پێشکێش دەکرێت، وردبینی لە بەڵگەکان دەکات و چەندینجار چاویان پێدا دەخشێنێتەوە و لە روانگە کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاساییەکانەوە هەڵسەنگاندن دەکات و ئینجا بڕیار دەدات. دەبێت ئەوەش بزانین تانەکان لە هەر سێ یاساکە نەبوون، بەڵکو سەرەتا تانە لە بەشێکی یاسای لێبووردنی گشتی و چەند بەشێکی یاسای زەویوزار درا و دواتر بەشێکی یاسای باری کەسیشی هاتەسەر، دواتر بڕیار بۆ راگرتنی هەر سێ یاساکە درا". 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە
 
رووداو: چاوەڕێ دەکەن ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت باسی چی بکرێت؟ بڕیار لە چی بدرێت؟ 
 
عیساوی: کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەپێناو بەهێزکردنی هەڵوێست و کۆکبوونە بۆ پشتیوانیکردن لە دادگەی عێراق. ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی زامنی سەلامەتییە لەسەرجەم بڕیار و هەڵوێستەکانی بۆ گەلی عێراق. ئەگەر بێتوو تانە لە بڕیارەکانی دادگە و فەرمانەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی و یاساکانی پەرلەمان بدرێت، ئەو کاتە ئاژاوە دروست دەبێت و دیموکراسییەت نامێنێت. هەربۆیە پابەندبوونی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی راگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی دەسەڵات لە دەستوور وەردەگرێت. بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی یەکلاییکەرەوەن و دەبێت هەموو لایەک جێبەجێیان بکات. فەرمانە وەلائییەکە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی یاساکان نایەت، بەڵکو بە واتای وردبینی و لێکۆڵینەوەی زیاتر دێت تاوەکو ئەو کاتەی بڕیاری دووەم دەدرێت بۆ جێبەجێکردنی یاساکان. بۆ زانیاریتان، ئەم بڕیارە لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری و فراکسیۆنە سیاسییەکان وردبینی بۆ کرا، بە واتایەکی دیکە کۆکبوونی جەماوەریش بۆ بڕیارەکان هەیە، بەڵام تانەلێدان سەبارەت بە چۆنێتی خستنەڕووی یاساکان و شێوازی دەنگدان و بابەتە پرۆتۆکۆڵی و میکانیزمە گیراوەکان هەبووە، نەوەک نێوەڕۆکی یاساکان. لەسەر ئەم بنەمایە، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گفتوگۆ دەکات و رۆژەڤی سەرەکیشی پشتیوانیکردن دەبێت لە بڕیار و فەرمانەکانی دادی عێراق و رێگەنەدان بە هەر جۆرە ناکۆکییەک لەنێوان پارێزگاکان و دادی عێراق. 
 
رووداو: ئەم ناڕەزایەتییەی لەلایەن سوننەکانەوە هەیە لەبارەی راگرتنی یاساکەیان، کێشەکان گەورەتر و ناکۆکییەکان قووڵتر ناکات؟ 
 
عیساوی: هەر سێ یاساکە لە بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکانن. یاسای زەویوزار بۆ بەرژەوەندی کوردە؛ یاسای لێبووردنی گشتی لە بەرژەوەندی سوننە و هەموو پێکهاتەکانی دیکەشە؛ یاسای باری کەسیش خزمەت بە پێکهاتەیەک و دواتر هەموو عێراق دەکات. ئەم یاسایانە زۆر گرنگن، هەموو گەلی عێراق رازییە و هەموو پەرلەمانتارەکانیش پەسندیان کردوون، لە هەمان کاتیشدا خاڵی پشتیوانیین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. هەندێک ناکۆکی شاراوە و ئاشکرا لەنێوان بەشێک لە فراکسیۆنە سیاسییەکان هەیە و لەپێناو ئەجێندای هەڵبژاردن نایانەوێت یاساکان جێبەجێ بکرێن. ئەمەش هۆکار بوو بۆ دواخستنی یاساکان. هەرچی سیستمی داد و دادگەی باڵای فیدراڵییە کاتێک لەبارەی یاسا و بڕیارێک تانەیەکی پێشکێش دەکرێت، وردبینی لە بەڵگەکان دەکات و چەندینجار چاوی پێدا دەگێڕێت و لە روانگە کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاساییەکانیشەوە هەڵسەنگاندن دەکرێت و ئینجا بڕیار دەردەکات. دواتر تانەکان لە کۆی هەر سێ یاساکە نەبووە؛ سەرەتا تانە لە بەشێکی یاسای لێبووردنی گشتی و چەند دیوێکی یاسای زەویوزار درا و دواتر بەشێکی یاسای باری کەسی، دواتر بڕیار بۆ راگرتنی هەر سێ یاساکە درا. بۆیە کاتێک باس لە شەقام دەکەیت، شەقام چاوی لە کاری بەرجەستەکراوە. سەرجەم لایەنە سیاسییەکانیش لەگەڵ ئەوەدان خواستەکانی شەقام بێننە دی. پێم وایە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆش بۆ هەمان مەبەست دەکرێت.  
 
رووداو: ئەگەر هەموو لایەنەکان لەگەڵ ئەمەدان، ئەی کێیە تانەی لێداوە و گومانی لە پرۆسەی تێپەڕاندن هەبووە کە سێ یاسا بەیەکەوە بخرێتە دەنگدانەوە؟ 
 
عیساوی: دووپاتی دەکەمەوە هەندێک لایەنی سیاسی هەن کە دەیانەوێت دۆخەکە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی ئاژاوە بنێنەوە و کێشە لەنێو رای گشتی و شەقام دروست بکەن، ئینجا شەقامی سوننە بێت یان شیعە لە پێناو کۆنترۆڵکردنی؛ دەیانەوێت کۆنترۆڵی شەقام بکەن و هەوڵ بدەن رای گشتی کۆنترۆڵ بکەن و خەڵک رازی بکەن بەوەی لە توانایاندایە هەموو شتێک بکەن و دەسەڵاتی ئەوەشیان هەیە لەم بوارەدا کاری خۆیان بکەن.  
 
رووداو: سێ پارێزگای زۆرینە سوننەنشین ناڕازی بوون و دەوامیان راگرت. ئایا ئەو کاردانەوەیە موزایەدە و بانگەشەی هەڵبژاردنە؟ 
 
عیساوی: پێم وایە دەرئەەنجام و کاردانەوەیە. مافی هەموو پارێزگایەکە راوبۆچوونی خۆی ئازادانە سەبارەت بە هەر پرس و بابەتەکان و ئەم پرسەش دەرببڕن. یاسای لێبووردنی گشتیی تەنیا سوننە و ناوچە سونییەکان ناگرێتەوە. نەک تەنیا سوننەکان، بگرە رەوتی سەدریش سوودمەندی گەورە دەبێت لەو یاسایە. کەواتە بەشێکی شیعەکانیش سوود وەردەگرن، چونکە زۆر بابەت هەن ئەم یاسایە ئەوانیش دەگرێتەوە: بابەتەکانی مادەی هۆشبەر بگرە تا دەگاتە بابەتەکانی دزین و تیرۆر و هەندێک بابەتی دیکە دووبارە پرۆسەی دادگەییکردنیان بۆ دەکرێتەوە.  
 
رووداو: روونکردنەوەکانی ئەنجوومەنی دادوەری چ دۆخێکی لە گۆڕەپانی سیاسی گۆڕیووە؟ 
 
عیساوی: ئەنجوومەنی باڵای دادوەری فەرمانی دەرکرد بە جێبەجێکردنی یاسای کۆنی لێبووردنی گشتی تا ئەو کاتەی یاساکە هەموار دەکرێتەوە. هەندێک کەس یاسای کۆنی لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە لە ساڵی 2014، بەڵام بەهۆی دۆخی نائاسایی ئەو کاتەی عێراق کارکردن بەیاساکە سڕکرا. دوای ئەوەی پەرلەمان گڵۆپی سەوزی بۆ هەموارکردنەوەی هەڵکرد، خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. راگرتن و هەڵپەساردنی ئێستای یاساکە تەنیا بۆ ئەوەیە چاو بە بەشێکی ئەم یاسایە دەخشێندرێتەوە و تەنیا کاتی پێویستە. رەنگە دوای دوو سێ رۆژ رەنگە، دوای مانگێک بڕیاری نوێ لەبارەیەوە بدرێت بۆ ئەوەی بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە. هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەم بابەتە کۆکن. بەڵام وەک گوتم کارکردن بەم یاسایانە بەهۆی رەخنەی هەندێک لایەن و فراکسیۆنی سیاسی هەڵپەسێردرا و هەر بەهۆی ئەم لایەنە سیاسییانەشەوە پرسی گەیاندنی بۆ پەرلەمان دواخست. 
 
رووداو: پێتانوایە هیچ کێشە و ناکۆکی لەنێوان فراکسیۆنەکانی سوننە و شیعە نییە بەتایبەتی نێو ئەندامانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت؟ 
 
عیساوی: نەخێر کێشەیان نییە، ئەمڕۆش دەبینن لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گفتوگۆ و گەنگەشە لەسەر زۆر بابەت دەکرێت و بۆچوونی جیاواز دەخرێنەڕوو، بەڵام دەرەنجام لە زۆربەی پرسە گرنگ و سەرەکییەکاندا لە بەرژەوەندی گەل رێککەوتنیان دەبێت. رێککەوتن لەسەر ئەم یاساییانە دەکرێت. ئەگەر رێککەوتن نەبووایە، ئەم یاسایانە نەدەگەیشتە پەرلەمان و پێکەوەش دەنگیان لەسەر نەدەدرا. ئەگەر رێککەوتن نەبێت، بەهیچ شێوەیەک یاساکان تێناپەڕن. بەڵام ناکۆکی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، جێبەجێکردنی ئەم یاسایانەی دواخست. کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئەم ناکۆکییانە رێکدەخات و دید و بۆچوونەکان لەنێوان هەموو لایەنەکان یەکدەخات و قەیرانەکەش وەلا دەنێت و هەموو شتێک دەگەڕێتەوە دۆخی پێشووی. خەڵک چاوەڕێی یاسای لێبووردنی گشتییە و منیش دەڵێم، یاساکە تێدەپەڕێت.
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە