جێگرەوەی سوودانی لە پەرلەمان گۆڕدرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگرەوەی محەممەد شیاع سوودانی، وەک ئەندامی پەرلەمانی عێراق گۆڕدرا بە بەربژێرێکى دیکە لەدوای دوورخستنەوەى ئەو بەربژێرەى زۆرترین دەنگى بەدەستهێنابوو کە دەبوو جێگەى بگرێتەوە. 
 
بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی شوباتی 2026 دەرچووە، جێگرەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق دیاریکراوە.
 
کۆمیسیۆن 'حەسەنێن خەفاجی' وەک جێگرەوەی سوودانی لە پەرلەمان دیاریکردووە کە لە ریزبەندیی 26ی لیستى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بووە لە بازنەی بەغدا و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 7330 دەنگی بەدەستهێناوە.
 
بەپێی ریزبەندیی بەدەستهێنانی دەنگ دەبوو ریاز یونس، جێگرەوەی محەممەد شیاع سوودانی بێت کە 7629 دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە کۆمیسیۆنەوە دەستی کەوتووە، بەبڕیاری دادگە رێگری کراوە لەوەی ببێتە جێگرەوەی.
 
ریاز یونس، لە 25ی کانوونی یەکەمی 2026، بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وەک بەربژێر دوورخرایەوە بەپاساوی ئەوەی بڕوانامەکەی ساختەیە، بەڵام لە 2ی شوبات کۆمیسیۆن جارێکی دیکە ئەو بەربژێرەی گەڕاندەوە بەپاساوی ئەوەی بڕوانامەکەی لە کۆمارى ئیسلامى ئێران بەدەستهێناوە و لە عێراق هاوتای بڕوانامەی بۆ کراوە.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمیسیۆن بۆ رووداو گوتی: "دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دووەمی کۆمیسیۆنی بۆ گەڕاندنەوەى ئەو بەربژێرە هەڵوەشاندووەتەوە، بەوەش ریاز یونس وەک جێگرەوەی سوودانی هەژمار نەکرا."
 
بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان، هەر بەربژێرێکی سەرکەوتوو بۆ پەرلەمانی عێراق بکێشێتەوە، کۆمیسیۆن جێگرەوەی لە رووی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ دیاریدەکات و دەبێت لەماوەی یەک مانگدا لە پەرلەمان سوێندی یاسایی بخوات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە