لە بەغدا بازرگانان دژی سیستمی "ئەسیکۆدا" و زیادکردنی گومرگ خۆپێشاندانیان کرد

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەدان بازرگان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، دژی بڕیاری حکومەت بۆ زیادکردنی رێژەی گومرگ و جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا"، دووکان و ناوەندە بازرگانییەکانیان داخست و خۆپێشاندانیان کرد.
 
ئەمڕۆ لە شەقامی رەشیدی شاری بەغدا، بازرگانانی شارەکانی بەغدا، ئەنبار، کەربەلا و بابل گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان کرد. ناڕەزایەتییەکان دژی بڕیارێکی حکومەتی عێراقە کە بە ئامانجی زیادکردنی داهاتی نانەوتی، گومرگی لەسەر 97 کاڵا بە رێژەی 5٪ بۆ 30٪ زیادکردووە.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لەگەڵ بەشێک لە بازرگانەکان قسەی کرد، یەکێکیان گوتی: "ئەمە تەنیا زیان نییە بۆ ئێمە، بەڵکو کارەساتە. بەرزبوونەوەی نرخەکان هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە، لە جلوبەرگەوە تاوەکو خۆراک. ئێمە کاتێک کاڵاکەمان بە گران لەسەر دەوەستێت، ناچارین بە گرانیش بیفرۆشینەوە بە فەرمانبەر، قوتابی و هاووڵاتیی ئاسایی."
 
"کاڵای 50 دۆلاری بە 1500 دۆلار دەخەمڵێنن"
 
جگە لە رێژەی گومرگ، بازرگانان گلەیی تووندیان لە شێوازی نرخاندنی کاڵاکان لەلایەن گومرگەوە هەیە. دووکاندارێک کە وەک ناڕەزایەتی دووکانەکەی داخستووە، دەڵێت: "کێشەکە تەنیا رێژەی 30٪ـی گومرگی زیادکراو نییە، بەڵکو کێشەکە لە خەمڵاندنی نرخی کاڵاکاندایە."
 
ئەو بازرگانە نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت: "کاڵایەک هەیە نرخی راستەقینەی تەنیا 50 دۆلارە، کەچی لە گومرگ نرخەکەی بە 1500 دۆلار بۆ هەژمار دەکەن. کاتێکیش داوای گومرگی 30٪ دەکەن، دەبێت 450 دۆلار تەنیا بۆ گومرگی کاڵایەکی 50 دۆلاری بدەین؛ ئەمە لە کوێی جیهاندا بووە؟"
 
بەگوتەی بازرگانەکان، بەهۆی ئەم بڕیارانەوە بازاڕ چۆڵ بووە و کاڵاکانیان لەناو کۆنتێنەرەکاندا ماونەتەوە و ناتوانن دەریانبهێنن.
 
بەشێکی دیکەی ناڕەزایەتیی بازرگانان پەیوەندی بە دەستکەوتنی دۆلارەوە هەیە. ئەوان باس لەوە دەکەن کە زۆربەیان ناتوانن لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن، بۆیە ناچارن لە بازاڕی رەش بە گرانی بڕی پارەی پێویست بۆ هاوردەکردن دابین بکەن، کە تێچووی هەندێک کۆنتێنەر دەگاتە 50 هەزار دۆلار.
 
سیستمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA)، سیستمێکی ئەلیکترۆنیی نێودەوڵەتییە بۆ بەڕێوەبردنی گومرگ کە حکومەتی عێراق ماوەیەکە لە دەروازە و فڕۆکەخانەکاندا جێبەجێی دەکات، بەڵام بازرگانان دەڵێن ئەو سیستمە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی باج و بارگرانییەکی زۆری بۆ دروست کردوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی پۆلیسی دیالە

لە دیالە چوار "ئەفسەری ساختە" دەستگیرکران؛ یەکێکیان خۆی بە لیوا ناساندووە

فەرماندەیی پۆلیسی دیالە دەستگیرکردنی چوار کەسی بە تۆمەتی "خۆکردن بە ئەفسەر" راگەیاند، کە کوردیشیان تێدایە و بە ناسنامە و پلەی باڵای سەربازیی ساختەوە ویستوویانە لە کەرکووکەوە بچنە بەغدا