نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق: سوودانى و ئەردۆغان چۆنێتى جێبەجێکردنى رێککەوتنەکانى 2024یان تاوتوێکردووە

08-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق راگەیاند، لە کۆبوونەوەى نێوان محەممەد شیاع سوودانى و رەجەب تەیب ئەردۆغان دا، چۆنێتى جێبەجێکردنى رێککەوتنەکانى 2024ـی نێوانیان و رووداو و پێشهاتەکانى ناوچەکە تاوتوێکراون. سوودانى رایگەیاند: "عێراق هاریکاریى بنیاتنەرانەی هاوبەش بەهەند وەردەگرێت".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی ئایارى 2025، محەممەد شیاع سوودانى بەسەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەدۆغان کۆبووەوە.   
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا کە محەممەد شیاع سوودانى و رەجەب تەیب ئەردۆغان چۆنێتى جێبەجێکردنى رێککەوتنەکانى 2024ـی نێوانیان، رووداو و پێشهاتەکانى ناوچەکە تاوتوێکراون و هەردوولا جەختیان لە گرنگیى رێگەدان بە دەربازبوونى هاریکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە کردووەتەوە.
 
بە گوێرەى ئەو راگەیێندراوە، محەممەد شیاع سوودانى جەختى کردووەتەوە کە "هەردوولا پەرۆشن بۆ جێبەجێکردنى خاڵەکانى رێککەوتنەکانى چوارچێوەى ستراتیژیى" نێوانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییە هاوبەشەکانى بەردەمیان.
 
سوودانى گوتوویەتى: "عێراق هاریکاریى بونیاتنەرانەى هاوبەش بەهەند وەردەگرێت لەگەڵ میکانیزمى باڵاى ئەمنى نێوانیان و دیالۆگى شەفاف و راشکاوانە لەلایەنە ئەمنییە جیاوازەکان، کە جێگەى بایەخن بۆ هەردوو وڵات، بە تایبەت لە بوارى بنەبڕکردنى تیرۆر و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و مادەى هۆشبەر".
 
عێراق سنوورێکى 367 کیلۆمەترى لەگەڵ تورکیا هەیە، قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى ساڵانەى نێوانیان زیاتر لە 15 ملیار دۆلارە.
 
بەگوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیران، لەو کۆبوونەوەیەدا سوودانى باسى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان و رۆڵەکەى کردووە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و هەرێمى بۆ بوارى ئابوورى و بەرزکردنەوەى ئاستى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان تورکیا و عێراق و، هەروەها رەخساندنى دەرفەتى فراوان و فرەلایەنى بوژاندنەوە و دروستکردنى ناوچەى پیشەسازیى و کشتوکاڵى و هاریکاریى نێوان هەردوو کەرتى تایبەتى عێراق و تورکیا.
 
رێگەى گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەرى فاو لە بەسرە دەستپێدەکات تاوەکو دەچێتە سنوورى باکووری کوردستان و تورکیا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە