رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی بەربژێرە دوورخراوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گەیشتە 786 کەس، کە 46ـیان دوای تانەگرتن گەڕێندراونەتەوە نێو لیستەکان.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 8-9-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو رۆژی شەشی ئەم مانگە، 786 بەربژێر دوورخراونەتەوە و 7709 بەربژێریش ماونەتەوە و رێگەیان پێدراوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن.
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن هۆکارەکانی دوورخستنەوەی بەربژێرەکانی خستووەتەڕوو؛ زۆرترین ژمارەیان کە 370 بەربژێرن، بەهۆی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەرییەوە بووە. هەروەها 162 بەربژێر بەهۆی تۆمەتباربوون بە تاوان، 4 بەهۆی ساختەکاری و 15 بەربژێریش بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی دوورخراونەتەوە.
هۆکارەکانی دیکەی دوورخستنەوە بریتین لە:
- کشانەوە لە بەربژێربوون: 170 کەس
- کەموکوڕی لە بڕوانامەی خوێندن: 44 بەربژێر
- هۆکاری دیکە: 21 بەربژێر
هاوکات 46 بەربژێر دوای دوورخستنەوەیان، تانەیان لە بڕیارەکە داوە و دەستەی دادوەریی کۆمیسیۆن تانەکانی پەسند کردوون، بەوەش گەڕاونەتەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 7900 کەس خۆیان بەربژێر کردبوو. کۆمیسیۆن ناوەکانی بۆ پشکنین رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، لەوانە وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەڵگەی تاوانەکان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە. دواتر لەسەر بنەمای وەڵامی ئەو لایەنانە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار لەسەر پەسندکردن یان دوورخستنەوەی هەر بەربژێرێک دەدات. بەربژێرە دوورخراوەکەش مافی ئەوەی هەیە لە ماوەی سێ رۆژدا تانە لە بڕیارەکە بدات.
زیاتر لە 21 ملیۆن و 700 هەزار کەس ناویان تۆمارکراوە و مافی دەنگدانیان هەیە؛ لەو ژمارەیەش زیاتر لە 17 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێت. پەرلەمان لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و 9 کورسیشیان کۆتایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ